راپرسیی میترۆپۆل: 71.9٪ـی خەڵک پێیانوایە بانگەشەی باخچەلی بۆ ئۆجەلان هەڵەیە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێترۆپۆڵ MetroPOLL، بۆ توێژینەوەی سیاسی و راپرسییەکان، ئەنجامی دوایین راپرسیی لەبارەی بانگەشەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "71.9٪ـی خەڵک پێیانوایە کارێکی هەڵەیە."
رۆژی چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ئۆزەر سانجار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای مێترۆپۆڵ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 17-20ـی کانوونی یەکەمی 2024 پرسیارێکیان لە هەزار و 189 کەس لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کردووە.
پرسیارەکە ئەوەیە: "تا چەند بانگەشەی دەوڵەت باخچەلی بە راست یان هەڵە دەزانی کە داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە کرد لە پەرلەمانی تورکیا گوتار بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دەستبەرداربوونی چەک و خۆ رادەستکردنەوەیان؟"
بەپێی راپرسییەکە، 71.9٪ـی بەشداربووان داواکەی باخچەلیان بە کارێکی هەڵە ناو بردووە. لە بەرامبەردا 21.9٪ـی بەشداربووانیش بە کارێکی دروستی دەزانن و پشتیوانی لێ دەکەن. هەروەها 6.2٪ـی بەشداربووانیش وەڵامی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە.
بەشێکی دیکەی راپرسییەکە لەبارەی هەمان مژارەوە پرسیاری لە ئەندامان و لایەنگرانی پارتە سیاسییەکان کردووە. ئەنجامەکەشی بەمشێوەیە بووە:
تەنیا لایەنگرانی دەم پارتی بە رێژەی 52.3٪ پشتیوانی پرۆسەکەیان کردووە و بانگەشەکەیان بە کارێکی دروست زانیووە. لە بەرامبەردا 35.1٪ـی لایەنگرانی مەهەپە، 26.4٪ـی لایەنگرانی ئاکپارتی، 19.8٪ـی لایەنەکانی دیکە، 15.3٪ـی ئیی پارتی و 7.0٪ـی جەهەپە بانگەشەکە بە کارێکی دروست دەزانن.
لە بەرامبەردا، 88.5٪ـی ئەندامان و لایەنگرانی جەهەپە بانگەشەکە بە کارێکی هەڵە دەزانن. 82.9٪ـی لایەنگرانی ئیی پارتی، 65.3٪ـی لایەنگرانی ئاکپارتی، 62.8٪ـی لایەنگرانی مەهەپە، 34.2٪ـی لایەنگرانی دەم پارتی و 79.6٪ـی لایەنگرانی لایەنەکانی دیکە، بانگەشەکە بە کارێکی هەڵە دەزانن.
هەروەها 13.5٪ـی ئەندامانی دەم پارتی هیچ هەڵوێستێکیان دەرنەبڕیوە. 8.4٪ـی لایەنگرانی ئاکپارتی، 4.5٪ـی لایەنگرانی جەهەپە، 2.1٪ـی لایەنگرانی مەهەپە، 1.9٪ـی لایەنگرانی ئیی پارتی و 0.6٪ـی لایەنگرانی لایەنەکانی دیکە وەڵامی ئەم بەشەی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە.