یاڵچن ئاکدۆغان: لەکاتی گوتارەکەی باخچەلی دا چەتاڵ لە دەستم کەوتەخوارەوە

رووداو دیجیتاڵ 

یاڵچن ئاکدۆغان، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا کە لەکاتی پرۆسەی ئاشتیدا یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی حکومەت بوو، دەڵێت، ئەو کاتەی دەوڵەت باخچەلی بانگهێشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد، چەتاڵ لە دەستی کەوتە خوارەوە.

لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە شەوی سێشەممە پەخشکرا، یاڵچن ئاکدۆغان باسی لە هەوڵەکانی مەهەپە و دەم پارتی لە بابەتی پرسی کورد کرد. 
 
ئاکدۆغان لە پرۆسەی چارەسەریی لە ساڵانی 2013 - 2015 ئەندامی سەرەکیی شاندی حکومەت بوو و هەر ئەویش نووسراوی دۆڵمەباخچەی خوێندەوە.
 
سەبارەت بە گوتارەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بانگهێشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کرد لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسەبکات، یاڵچن ئاکدۆغان گوتی: "رۆژی سێشەممە نانی بەیانیمان دەخوارد. لە تەلەڤزیۆنەوە بە کزی دەنگی کاک دەولەت دەهات کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی قسەی دەکرد. سەرقاڵی نانی بەیانی بووین. لەناکاو چەتاڵ لە دەستم کەوتە خوارەوە. خانم سەیرێکی کرد و گوتی: چی روویداوە؟ دەنگی تەلەڤیزیۆنەکەم بەرزکردەوە و گوتم کاک دەولەت گوتار پێشکێش دەکات. کاتێک ئەمانەم بیست، هەژەند بووم و گوتم، دەبێت چی رووبدات!"
 
یاڵچن ئاکدۆغان دەڵێت، کاتێک لە گوتەکانی باخچەلی وردبووەتەوە، راستەوخۆ هەستی بەوە کردووە و زانیویەتی کە ئەو هەنگاوە زووتر کاری لەسەر کراوە. هەر لەوبارەیەوە گوتی: "باس لە کەسێک دەکەین لەڕووی یاساییەوە قەدەخەیە. ئەو گوتی با بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم قسەبکات. ئەوە نیشانی دەدات ئەو هەنگاوە پێشتر کاری لەسەر کراوە. ئەمە هەڵمەتێکی زۆر گرنگە".
 
ئەو بانگەوازەی دەوڵەت باخچەلی لەکاتێکدایە، لە سەردەمی پرۆسەی چارەسەریدا شاندی ئاکپارتی و بەتایبەتیش یاڵچن ئاکدۆغان، بە تووندی لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە رەخنەیان لێدەگیرا. 
 
ئاکدۆغان گوتی: "هەڵوێستی ئەو کاتەی بەڕێز باخچەلی، ئەو هەڵوێستە بوو کە دەبوو پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی نیشانی بدات. من لە سیاسەتی دیموکراسیانەدا ئەمە بە کێشە نازانم. پارتە سیاسییە جیاوازەکان دەکرێت هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت. دەکرێ ئەوان دژایەتی هەڵمەتەکانی پرۆسەکە بکەن".
 
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی دەڵێت، "کاتێک دەتەوێت کارێک بکەیت، نابێت ئەو کەس و لایەنانە بە کێشە بزانیت کە هۆشداریت پێدەدەن، رەخنەت لێ دەگرن و وا دەکەن لە گۆشەی جیاوازەوە سەیری بابەتەکە بکەیت."
 
یاڵچن ئاکدۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی مانگێک دوای گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی، حکومەتەکەی ئەسەد رووخا و گۆڕانکاری لە سووریا روویدا؛ گوتیشی: "لێرەوە بۆمان روون دەبێتەوە کە پێشبینییەکانی دەوڵەت باخچەلی بێبەها نەبوون".
 
دوای ئەوەی پرۆسەی چارەسەری لەساڵی 2015-2016 لەنێوچوو، پرسیاری ئەوە زۆر دەکرێت کە ئایا کێ هۆکار بوو. ئاکپارتی و پەکەکە بە شێوازی جۆراوجۆر یەکدی تۆمەتبار دەکەن و شتی جیاواز دەڵێن.
 
یاڵچن ئاکدۆغان لەوبارەیەوە گوتی: "ئەوەی گرنگ بوو، پەیامەکەی ئۆجەلان بوو. گرنگ بوو بەڵام ئەوەی پێویست بوو جێبەجێیان نەکرد. ئەو کات ئەمریکا نەیویست پەکەکە لە هاوکێشەکە بچێتە دەرەوە، بەڵکو ویستی لە بابەتی سووریادا وەک ئامێرێکی میوزیکی بەکاری بهێنێت. ئەوە بوو رێکخراوەکەیان (پەکەکە) خستە جووڵەوە و دواتریش گوترا 'تۆ ناکەینە سەرۆک' و چەند تاوانێکیش کران. پرۆسەکەیان لەباربرد. فەتۆ بە هەمان شێوە رۆڵی لە لەباربردنی پرۆسەکەدا هەبوو، چونکە ئەگەر دەسەڵات ئەو کێشەیەی چارەسەر بکردبا، بەهێزتر دەبوو کە فەتۆ ئەمەی نەدەویست".
 
ئاکدۆغان: کوردەکان لەکاتی کودەتادا پشتیوانیی دیموکراسییان کرد
 
یاڵچن ئاکدۆغان رایگەیاند، ساڵێک دوای لەنێوچوونی پرۆسەکە هەوڵی کودەتا درا.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لەوکاتە دا ئاکدۆغان گوتی: "فەتۆش لێکدانەوەی خۆی بۆ بابەتەکە هەبوو؛ ساڵێک دواتر کودەتا روویدا. ئەگەر کوردەکان لە بەرەی حکومەت نەبوونایە و رێکخراویش لە بەرەی دژ بوایە، لە بەرژەوەندیی فەتۆ دەبوو. سەیر بکەن رووداوەکانی گەزی و زۆر شتی دیکە روویاندا. هەدەپەییەکان چەند کارێکیان کرد، بەڵام ئەوەی هاندەری رووداوەکان بوو فەتۆ بوو. بەڵام ئەو کات رێکخراو (پەکەکە) بە تەواوی پشتگیری بۆ ناڕەزاییەکانی گەزی نیشان نەدا. ئینجا فەتۆ لەوەوە پەندی وەرگرت و گوتی؛ ئەگەر ئەوانە کێشەکە چارەسەر بکەن، من ناتوانم بەرەوپێش بڕۆم. لە کودەتاکەدا کورد وەکو بلۆک لە ریزی دەوڵەت و دیموکراسی وەستان. نەکەوتنە نێو یارییەکە. ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە".
 
یاڵچن ئاکدۆغان سەبارەت بە کاریگەریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رایگەیاند: "هەندێک جار لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە قسە دەکەین، لەبارەی ئۆجەلان هەندێک دەڵێن ئۆجەلان پیاوێکی پیرە و ئایا ئەو بابەتانە بۆ ئەو ماوەتەوە؟ پێویستە پرۆفایلەکەی دیاری بکرێت، ئێمە باس لە کەسێکی ئاسایی ناکەین. سەرەنجام (پەکەکە) رێکخراوێکی 40-50 ساڵەیە! دەزانین کە ئۆجەلان لە سووریا، لوبنان، دۆڵی بیقاع ئەو رێکخراوەی بەڕێوەبردووە. نابێت ئەو هەڵەیە بکەین و ئەو پیاوە بچووک بکەینەوە کە چەندین کاری کردووە و پشتیوانیی چەند دەوڵەتی جیاوازی بەدەستهێناوە.".