رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی بەرگریی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، کەسانێک دەیانەوێت جیاکاریی کورد و تورک لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا دروستبکەن و رەتیکردەوە سوپای تورکیا کورد بکاتە ئامانج.
بەشێک لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 16-1-2024ی پەرلەمانی تورکیا تایبەت بوو بە "بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و یەپەگە". پەرلەمانتارانی ئاکپارتی پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور دەکەن و پەرلەمانتارانی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپەش دژی ناردنی سەربازانی تورکیان بۆ دەرەوەی سنوور، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.
چەند جارێک پەرلەمانتارانی ئەو دوو پارتە لە بابەتی درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکان بەرپەرچی یەکدییان دایەوە.
خوڵوسی ئاکار گوتی، بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دانیان بەوەدا ناوە کە پارتەکە لاوازبووە و داوای لە گەریلاکان کرد خۆیان رادەست بکەن.
خولوسی ئاکار رەخنەی تووندی لە بەشێک لە پارتەکانی وڵاتەکەی گرت و گوتی، "قەندیل دەڵێت هێزە چەکدارەکانی تورکیا لێرە چ کارێکیان هەیە؟ بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەڵێن، سەربازان چ کارێکیان لەوێ هەیە؟ فەرموون ئەوەش گوتاری هاوبەشیان".
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، شەوی 14-1-2024 لە راگەیێندراوێکدا بۆردوومانکردنی ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، گارە، قەندیل و ئاسۆسی لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی لە رۆژئاڤای کوردستان راگەیاند و گوتی، پێگەی پارتی کرێکاراکانی کوردستان و یەپەگە بوون.
دوای هێرشەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بڵاویکردەوە، تورکیا چەندین ناوچەی لە رۆژئاڤای کوردستان بۆردومانکردووە. هەسەدە رایگەیاند، "لە دوو رۆژی رابردوودا تورکیا لە رێگەی فڕۆکە و درۆنەوە وێستگەی کارەبا، سایلۆ و تیمی بەرگریی شارستانیی کردووەتە ئامانج. ئامانجی تورکیا ئەوەیە ژیان لە ناوچەکەدا نەهێڵێت".
ئەمە رەخنەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتیشی لێکەوتەوە. پەرلەمانتارانی دەم پارتی حکومەتی تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی راستییەکانی ئۆپەراسیۆنەکان دەشێوێنێت و زانیاریی هەڵە بە خەڵک دەدات، تەنیا ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە کوردنشینن.
لە وەڵامی ئەمەدا خولوسی ئاکار، سەرۆکی لیژنەی بەرگریی نیشتمانی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی، "لەبارەی ئەم بابەتەی تورک و کورد، دەمەوێت چەند قسەیەک بکەم. تاکە ئامانجی هێزە چەکدارەکانی تورکیا تیرۆریست و رێکخراوە تیرۆریستییەکانە. هەندێک کەس ئەمە بەلاڕێدا دەبەن. کەسانێک بە مەبەست ئەمە دەکەن و درۆ هەڵدەبەستن. ئێمە دەڵێین تورکەکان، کوردەکان، زازاکان و عەرەبەکان بران. دەڵێین 85 ملیۆن یەکین و پێکەوەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ