رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لەماوەی پێنج رۆژدا زیاتر لە حەوت هەزار پەنابەری سووریایی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2024) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ژمارەی ئەو پەنابەرانەی سووریای بڵاوکردەوە کە لە دوای رووخانی ئەسەد لە تورکیا و باکووری کوردستان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە رۆژانی نێوان 9-13 ـی کانوونی یەکەم کۆی گشتی 7 هەزار و 621 پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان.
یەرلیکایا دەڵێ، دوای رووخانی ئیدارەی ئەسەد لە سووریا، بەشێک لە سوورییاییەکان "بە ئارەزووی خۆیان، بە سەلامەتی، بە شەرەفمەندانە و رێکوپێک" دەگەڕێنەوە.
لە باکووری کوردستان و تورکیا، زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتی سووریایی دەمێننەوە. دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد گەڕانەوەی بەشێک لە سووریاییەکان بۆ زێدی خۆیان دەستیپێکردووە.
ئاماری گەڕانەوەی پەنابەرەکان بەپێی بڵاوکراوەکەی یەرلیکایە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەمشێوەیەیە:
6ـی کانوونی یەکەم: 310 کەس
7ـی کانوونی یەکەم: 176 کەس
8ـی کانوونی یەکەم: 240 کەس
9ــی کانوونی یەکەم: 1259 کەس
10ـی کانوونی یەکەم: 1669 کەس
11ـی کانوونی یەکەم:1293 کەس
12ـی کانوونی یەکەم: 1553 کەس
13ـی کانوونی یەکەم: 1847 کەس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ