ئەردۆغان: خەڵکی سووریا سوپاسی تورکیا و گەلی تورک دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە، 14-12-2024، لە ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە دۆخی سووریا و گۆڕانکارییەکان کرد.
یەکێک لەو تەوەرانەی ئەردۆغان باسی لێوە کرد، رۆڵی تورکیا بوو لە داڵدەدانی کۆچبەرانی سووریایی و بەهاناوەچوونیان.
هەموو ئەمانە لەکاتێکدان بەشێک لە پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە حکومەت دەگرن بەوەی لە بابەتی سووریادا هەڵەی کردووە.
سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی ئۆپۆزیسۆنی دایەوە و رایگەیاند: "دوای 13 ساڵ بۆ یەکەمجارە برا سووریاییەکانمان بە هیواوە لە داهاتوو دەڕوانن. ئەوان هەروەها سوپاسی تورکیا دەکەن کە 13 ساڵە پشتیوانیانە و ئەوان نزا بۆ تورکیا دەکەن. ئاڵا مانگ و ئەستێرەکەمان لە تەنیشت ئاڵای سووریای ئازادە و دەستی برا سووریاییەکانی ئێمەی رازاندووەتەوە."
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رۆژی 5-12-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای لە سەرۆککۆماری وڵاتەکەی کرد، تەواوی هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد.
سەرۆکی جەهەپە هەروەها بە تووندی رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتەکەی لە سووریا گرت و رایگەیاند، نابێت تورکیا بە جۆرێک هەنگاو بنێت، لە لایەک دەستی هەتەشە و لە لاکەی دیکەش دەستی ئەوانە بگرێت کە لایەنگری یەپەگەن.
هەروەها رووی دەمی کردە ئەردۆغان و گوتی: "تورکیا نابێت ببێتە بەشێک لە پلانی ئەوانی دیکە. واز لەم چیرۆکانە بهێنن و ئێمە یەک سەربازیشمان نییە لەو رێگەیە بیدەین".
هەرچەندە زیاتر ئەو گرووپە چەکدارانەی ناویان لە خۆیان ناوە 'سوپای نیشتمانیی سووریا' کە لە باکووری وڵاتەکەن بە نزیکی تورکیا دەناسێندرێن، بەڵام هەندێکجار باس لە نزیکیی (هەتەشە)ش لە ئەنقەرە دەکرێت. کەچی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمی ئەمەی پشتڕاستنەکردووەتەوە.
رۆژی 13-12-2024 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئەنقەرە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە و باسیان لە دۆخی سووریا کرد.
هاکان فیدان لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی: "بە وردەکارییەوە لەسەر چەند بابەتێک گفتوگۆمان کرد. بەتایبەتی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە سووریا و رێگەنەدان بە تیرۆر بۆ ئەوەی داعش و پەکەکە لەوێ دەسەڵاتدار نەبن. بێگومان ئەمانە کاری لەپێشینەمانن لەوێ. لەبارەی ئەمانەوە چی دەکەین و نیگەرانییە هاوبەشەکان چین؟ بۆ نیگەرانییە هاوبەشەکان دەبێت چارەسەری هاوبەش چی بێت؟ لەسەر ئەم بابەتانە گفتوگۆمان کرد".
ئەم گوتانەی هاکان فیدان لەکاتێکدان کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە منبج پاشەکشەیان کردووە و هێشتا ناوبەناو گوشاری زیاتریان بۆ پاشەکشەی زیاتر دەخرێتە سەر.
ئەو شوێنانەی هەسەدە لێیان دەکشێتەوە، چەکدارانی 'سوپای نیشتمانیی سووریا' دەچنە ناوی.
هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەند جارێک لە گوتارەکانیدا باسی لەوە کردووە کە پرۆسەی دوای ئەسەد لە سووریا بە باشی دەڕوات.
هەموو ئەمانە وەکو نیشانەیەک لێکدەدرێنەوە کە پێشهاتەکانی سووریا کە بەرژەوەندیی ئەنقەرە بن.