تورکیش ئێیەرلاینز 355 فڕۆکەی نوێ دەکڕێت

15-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز دەڵێت، 355 فڕۆکەی نوێ دەکڕێت و بەو جۆرەش ژمارەی فڕۆکەکانی دەگەیێنێتە 770 دانە.
 
ئەمڕۆ هەینی 15ـی کانوونی یەکەمی 2023، بیلال ئەکشی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "لە چوارچێوەی پلانەکانمان بۆ فراوانکردن و گەورەکردنی کۆمپانیاکەمان، بڕیاردرا بە کڕینی 355 فڕۆکە لە جۆری ئێیەرباس".
 
لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینز رایگەیاند، لە پلانیاندایە 355 فڕۆکەی ئێیەرباس بکڕن و بۆ ئەوەش چاوەڕوانی رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن.
 
کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز ئەمڕۆ گوتی، لە پلانی ستراتیژیی 2023-2033دا کە تایبەتە بە فراوانکردنی کۆمپانیاکە و چالاکییەکانی، لەگەڵ کۆمپانیای ئێیەرباس رێککەوتووە بۆ کڕینی 355 فڕۆکە لە جۆرەکانی A350-900 و A350-1000 و A321 NEO و A350F کارگۆ بەو تایبەتمەندییانەی کۆمپانیاکە داوای کردوون.
 
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دانوستاندنەکاندا بەرپرسانی کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز داوایانکردووە 145 فڕۆکە تا ساڵی 2027 رادەستبکرێن کە بریتین لە 20 فڕۆکەی A350-900 و 15 فڕۆکەی A350-1000 و 100 فڕۆکەی A321 NEO و 10 فڕۆکەی A350F کارگۆ. 210 فڕۆکەکەی دیکەش قۆناخ بە قۆناخ تاوەکو ساڵی 2033 رادەست دەکرێن.
 
بۆ کڕینی بزوێنەری فڕۆکەکان و پارچەی یەدەگی فڕۆکەکان، کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای رۆڵز رۆیس Rolls Royce کردووە و لیستی پێداویستییەکانی پێ داوە بەو مەرجانەی کۆمپانیاکە دەیخوازێت.
 
کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز، یەکەم کۆمپانیای فڕۆکەوانیی تایبەتی سەر بە دەوڵەتی تورکیایە و ساڵی 1933 دامەزراوە؛ تا ساڵی 1935 سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بوو و دواتر بە یاسا کرایە کۆمپانیایەکی تایبەتی دەوڵەت؛ ساڵی 2022 بە سێیەم باشترین کۆمپانیای فڕۆکەوانی ناسێندرا.
 
کۆمپانیاکە خاوەنی 413 فڕۆکە و 47 هەزار کارمەندە. داهاتی ساڵی 2021ی کۆمپانیاکە 9 ملیار و 385 ملیۆن دۆلار بوو؛ لە ساڵی 2022شدا داهاتەکەی بە رێژەی 70% زیادیکرد و گەیشتە 15 ملیار و 769 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە