هاووڵاتیەک لە تورکیا: بۆ وەرگرتنی چوار سەموون کاژێرێک نۆرە دەگرم


رووداو دیجیتاڵ 

"بۆ وەرگرتنی چوار سەموون کاژێریکە لە ریز وەستاوم. ئێمەیان گەیاندە ئەم دۆخە، دەستم بشکایە و دەنگم بە ئەوان نەدایە."ئەمە گوتەی هاووڵاتییەکی تورکیایە بەناوی محەممەد گوزەل لە ئیستەنبووڵ کە پێشتر دەنگی بە ئاکپارتی داوە، بەڵام ئێستا لە ریزدا وەستاوە بۆ ئەوەی سەموون بە نرخێکی هەرزانتر بکڕێت. 
 
بەشێکی خەڵک لە حکومەت تووڕەن. بە تایبەتی چاوەڕێی هەنگاو لە ئاکپارتی دەکەن و رەخنە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەگرن.
 
یونس ئێمرە ئاک، هاووڵاتییە و دەڵێت، "لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن دەردەچێت، وەک بڵێی هیچ رووینەداوە و وڵات هەنگوین و قەیماخە. دەڵێ ئەمە شەش مانگ یان ساڵێک دەخایێنێت. ساڵێک دواتر یان شەش مانگ دواتر دەیبینینەوە، هیچ شتێک ناگۆڕێت."
 
بەهۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی، رۆژانە نرخی کاڵا و شتومەک گران دەبێت. بە شێوەیەک مارکێتەکان رۆژانە تابلۆی نرخەکان نوێدەکەنەوە.
 
عەلی حەیدەر باڵتا، هاووڵاتییە و دەڵێت، "هەموو رۆژێک نرخەکان زیاتر بەرزدەبنەوە، بێزاربووین. چی بکەین؟ هەڵدەستین و دادەنیشین شت گران دەبێت."
 
دیاریکردنی کەمترین بڕە مووچەی تورکیا لە گفتوگۆکردندایە و ئەردۆغان بڕیاریداوە کەمترین بڕە مووچە بەرزبکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بێبەهابوونی لیرەی تورکییەوە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان دڵیان بەو هەوڵەش خۆش نییە.
 
لەڤەنت کۆچیغیت، هاووڵاتییە و دەڵێت، "نیو کاژێرە چاوەڕێم تەنیا بۆ ئەوەی پێنج لیرەم بۆ بگەڕێتەوە. بۆ کارەکەشم دواکەوتم. با بە هەوەسی خۆیان کەمترین بڕەمووچە زیادبکەن!"
 
ئەمە دۆخی تورکیایە، حکومەت رەتیدەکاتەوە ئابووریی تورکیا لە داڕووخاندا بێت. ئۆپۆزیسیۆنیش گوشار دروستدەکات و دەڵێ؛ تورکیا بە شێوەیەکی خراپ بەڕێوەدەبرێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت تاکە دەرچەی رزگاربوونە.