دوو خوشک لە گوندێكی تورکیا کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای تەکیرداغی تورکیا، دوو خوشکی دووانە کە تەمەنیان 15 ساڵ بوو لە ماڵی خۆیاندا بە گوللـە کوژران. پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە.
رووداوەکە کاژێر 13:00ی ئەمڕۆ هەینی 15ی تشرینی دووەمی 2024 لە گوندی جەننەت لە شارۆچکەی مارمارا ئەرەیلیسی سەر بە پارێزگای تەکیرداغی تورکیا روویدا.
لە قوتابخانەوە پەیوەندی بە دایکی (یاغموور ئا) و (کوبرا ئا) کرا و پرسیار لە هۆکاری نەچوونیان بۆ قوتابخانە کرا.
دایکی ئەو دوو کچە لە کارگەیەک کار دەکات و باوکیشی لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون کرێکارە.
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە یاغموور لە رووداوی تەقەکردنەکەدا دەستبەجێ کوژراوە؛ کوبراش بە سەختی بریندار بووە و گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستداوە.
پۆلیس رایگەیاند، هەردوو خوشکەکە بە دەمانچە کوژراون، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی رابردوو 3 هەزار و 773 تاوانی کوشتن لە تورکیا و باکووری کوردستان بە چەک کراون کە تێیاندا 2 هەزار و 318 کەس کوژراون و 3 هەزار و 820 کەسی دیکە برینداربوون.
ئامارە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن، لە سەرانسەری تورکیادا 4 ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو و 36 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت هەن.