رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، لیستی دڵخۆشترین پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئەو لیستە، سینۆپیی تورکیا دڵخۆشترین و ئامەدی باکووری کوردستان دڵتەنگترین پارێزگان. هەشت پارێزگای دڵخۆش دەکەونە تورکیا و تەنیا دوو پارێزگای باکووری کوردستان؛ سێرت و شرنەخ پلەکانی نۆیەم و دەیەمیان گرتووە. هەر بەگوێرەی لیستەکەی دەستەی ئاماری تورکیا، ئامەدی باکووری کوردستان دڵتەنگترین پارێزگایە و رێژەی دڵخۆشی لەو پارێزگایە 24.7٪یە.
ریزبەندیی پارێزگا دڵخۆشەکانی باکووری کوردستان و تورکیا
1- سینۆپ: بە رێژەی دڵخۆشیی 77.6٪ پێشەنگی پارێزگاکانی گرتووە و دڵخۆشترین پارێزگایە. سینۆپ دەکەوێتە سەر دەریای رەش لە باکووری تورکیا.
2- ئافیۆن کاراهیسار: رێژەی دڵخۆشیی ئەو پارێزگایەی تورکیا (76.4٪)ـە و دووەمین پارێزگای دڵخۆشە. ئافیۆن کاراهیسار دەکەوێتە رۆژهەڵاتی تورکیا و دراوسێی پارێزگاکانی ئێسکیشەهیر، کۆنیا، ئسپارتا، بوردور، دەنیزلی، ئوشاک و کوتاهیا.
3- بایبورت: ئەو پارێزگایە 75.9٪ی رێژەی بەختەوەری و دڵخۆشیی کۆکردووەتەوە و سێیەم پارێزگای دڵخۆشە. ژمارەی دانیشتووانی بایبورت 81 هەزار و 910 کەسە و پارێزگایەکی بچووکی هەرێمی دەریای رەشی تورکیایە. بایبورت دراوسێی پارێزگاکانی ترابزۆن، ریزە، بایبورت، ئەرزنجان و ئەرزەڕۆمە.
4- کرککالێ: ئەو پارێزگایەی تورکیا بە کۆکردنەوەی رێژەی 75.4٪ی دڵخۆشی، بووەتە چوارەمین پارێزگای دڵخۆش. کرککالێ دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا.
5- کوتاهیا: ژمارەی دانیشتووانی 279 هەزار و 367 کەسە و بە کۆکردنەوەی 73.7٪ی رێژەی دڵخۆشی پلەی پێنجەمی گرتووە. کوتاهیا دەکەوێتە رۆژهەڵاتی تورکیا و هەریەک لە بورسە و باڵکئەسیر دوو لە دراوسێکانی ئەو پارێزگایەن.
6- چانکڕی: بە 73.5٪ی دڵخۆشی پلەی شەشەمی گرتووە. ئەو پارێزگایە دەکەوێتە نێوان ئەنقەرە و کاستامۆنو.
7- دوزجە: بە کۆکردنەوەی 72.7٪ی رێژەی دڵخۆشی لە پلەی حەوتەمە و ژمارەی دانیشتووانی 395 هەزار و 979 کەسە. دوزجە دەکەوێتە سەر دەریای رەش و لە نێوان هەردوو پارێزگای ساکاریا و زۆنگوڵداک هەڵکەوتووە.
8- ئوشاک: ئەو پارێزگایە بە رێژەی 72.3٪ دڵخۆشە. پارێزگای ئوشاک ژمارەی دانیشتووانەکەی 369 هەزار و 433 کەسە و دەکەوێتە رۆژئاوای تورکیا.
9- سێرت: یەکەمین پارێزگای باکووری کوردستانە لە ریزبەندی دڵخۆشترین پارێزگاکان و بە رێژەی 71.6٪ بووەتە نۆیەمین پارێزگای دڵخۆش.
10. شرنەخ: ئەو پارێزگایەی باکووری کوردستان بە کۆکردنەوەی 71.3٪ پلەی 10مین پارێزگای دڵخۆشی گرتووە لە سەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ