وەزیری دادی تورکیا: 50 کەس بە تۆمەتی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلال دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایدەگەیێنێت، ژمارەی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی تاکسیم دەستگیرکراون گەیشتووەتە 50 کەس.
بەکر بۆزداغ، وەزیری دادی تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاند، "هەموو جۆرە تیرۆرێک سەرکۆنە دەکەین بەبێ گوێدانە ئەوەی کە لەلایەنی کێ ئەنجام دەدرێت. رێکخراوە تیرۆریستییەکان دووژمنی مرۆڤایەتین."
بەکر بۆزداغ گوتی: "تورکیا هەروەک دوێنێ، ئەمڕۆش بە ئیرادە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامە. ژمارەی ئەوانەی بە تۆمەتی هێرشەکەی شەقامی ئیستقلال دەستگیرکراون گەیشتە 50 کەس. هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی، لە هەر یارییەکدا، هەروەها لە هیچ هێرشێکدا بەرامبەر بە تورکیا سەرکەوتوو نابێت."
کاژێر 16:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2022 تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تاکسیمی ئیستەنبووڵ روویدا. بەهۆی تەقینەوەکە، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 81ـی دیکەش برینداربوون.
وەزیری نێوخۆی تورکیا پەکەکەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبارکرد، پەکەکەش لەلای خۆیەوە رەتیکردەوە دەستیان لەو کارەدا هەبووبێت.