رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە دۆسیەی "بەئامانجکردنی کارمەندانی دەوڵەت لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر"، لەلایەن دەستەی دادوەرانی 25ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە بڕیاری دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
رۆژی هەینی، 14ی تشرینی یەکەمی 2022، دانیشتنی دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لە دۆسیەی ئاشکراکردنی ناوی کەسی یەکەم لە لێکۆڵینەوەی کەیسی پەکەکە/کەجەکەدا بەڕێوەچوو. دەمیرتاش لە رێگەی ئۆنڵاینەوە و بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەشداریکرد.
دەمیرتاش کە ماوەی حەوت ساڵە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە زیندانییە، وێڕای بەرگریکردن لە خۆی و هەوڵی پارێزەرەکانی، بەڵام دەستەی دادوەرانی 25ـەمین سزا قورسەکانی ئەنقەرە بڕیاری دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.
دادگاییکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش لەم دۆسیەدا بۆ 7ی کانوونی دووەمی 2020 دەگەڕێتەوە. ئەو کات یوکسەل کارامان، سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە کە هاوکات بەرپرسی یەکەم و سەرپەرشتیاری راستەوخۆی کەیسی لێکۆڵینەوەی کەجەکە/پەکەکە بوو، داوایەکی یاسایی دژی سەلاحەدین دەمیرتاش تۆمارکرد بەهۆی ئەوەی دەمیرتاش لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگاییکردنیدا ناوی کارمەندانی ئاشکراکردبوو کە سەرپەرشتیاری ئەم کەیسە دەکات. ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی یاسا ناکرێت بەرپرسانی لێکۆڵینەوە لە پرسی "تیرۆر" بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و ئەندامانی خێزانەکەیان، ناویان ئاشکرا بکرێت.
یوکسەل کارامان لە سکاڵاکەیدا گوتبووی، دەمیرتاش بە ئەنقەست ناوی هێناوە و ئەو زانیارییە نهێنییەی بڵاوکردووەتەوە و مەبەست لەم کارەیشی ئەوەیە کە بکرێتە ئامانجی رێکخستنە نهێنییەکانی پەکەکە؛ بۆیە لە دۆسیەی سکاڵانامەکەیدا تۆمەتی "ئاشکراکردنی ناوی کارمەندی دەوڵەت بۆ ئەوەی بکرێتە ئامانجی گرووپی تیرۆریستی و هۆکاربوون بۆ مەترسیی خستنەسەر گیانی کارمەندانی دەوڵەت" خستبووە پاڵ دەمیرتاش.
یوکسەل کارامان داوای هەشت ساڵ زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی کردبوو. رۆژی 28ی ئایاری 2021، دوای چوار دانیشتنی دادگاییکردنی لە 25مین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانی بەسەر دەمیرتاش سەپێندرا. پارێزەرانی دەمیرتاش تانەیان لە بڕیاری دادگەکە دا و تانەکەیان بۆ دادگەی هەرێمی لە ئەنقەرە بەرزکردەوە.
دادگەی ئاماژەپێدراو دوای دووجار دواخستنی دانیشتنی دادگەکە بەهۆی پێشهاتەکانی دادگاییکردنی کەیسی رووداوەکانی کۆبانێ، رۆژی 25ی نیسانی 2022 تانەی پارێزەرانی سەلاحەدین دەمیرتاشی پەسندکرد و بڕیاری 25مین دادگەی سزا قورسەکانی تایبەت بە دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن هەڵوەشاندەوە. بەوەش سزای دوو ساڵ و شەش مانگی زیندانیکردنی دەمیرتاش لەم کەیسەدا هەڵوەشایەوە.
بەڵام دواتر یوکسەل کارامان تانەی لە بڕیارەکەی دادگە دا و لە رێگەی 25ـەمین دادگەی سزا قورسەکانەوە بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە؛ بەم هۆیەشەوە دادگاییکردنەوەی هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی "هەڕەشە کردن بە پشتبەستن بە رێکخراوی تاوانکاری" دەستیپێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ