لە شرناخ 860 ئەندام و بەرپرسی ئیی پارتی دەستیان لەکار کێشایەوە

رووداو-شرناخ

لە پارێزگای شرناخ لە باکووری کوردستان 860 ئەندام و بەرپرسی ئیی پارتی دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵیان راگەیاند.


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەرپرسی رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە ناوەندی شرناخ و شارۆچکەکانی جزیرە، سلۆپی، ئوڵودەرە، بەیت و شەباب و هەزەخ-ی سەربە پارێزگای شرناخ، دەستلکارکێشانەوەی بەکۆمەڵەیان راگەیاند. 

موراد یەتیک سەرۆکی لقی لاوانی رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە شرناخ لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا لە 24ی حوزەیرانی رابردوو ناوەندی گشتی پارتەکەیان داوای لە سەرۆکی رێکخستنەکانی هەر 81 پارێزگاکە کرد کە دەستلەکار بکێشنەوە، بەڵام لە شوێنی ئەو کەسانەی دەستیان لەکار کێشاوەتەوە کەسانی نەشیاو دانراون کە هیچ پێگەیەکی جەماوەرییان نییە.

موراد یەتیک ئاماژەی بەوەدا، بەوهۆیەوە وەک سەرۆکی رێکخستنەکانی 6 شارۆچکە و 860 ئەندامی ئیی پارتی لە شرناخ بڕیاریانداوە دەست لەکار بکێشنەوە.

موراد یەتیک گوتیشی، دەرگایان بەڕووی ئیی پارتیدا کراوەیە و تا 2 مانگی دیکە چاوەڕوانی هەڵوێستی پارتەکەیان دەکەن، ئەگەر بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە ئامادەن جارێكی دیکە بگەڕێنەوە. 

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان