کەشناسیی تورکیا: لە ئیستەنبووڵ باران دەبارێت و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
 لێزمەباران لە دیوی ئاسیای ئیستەنبووڵ باری و پێشبینی دەکرێت پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەواوی ئیستەنبووڵ بگرێتەوە. فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخی لەناکاو (ئافاد) هۆشداری لافاو دەدات. 
 
پلەی گەرما لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا لە پارێزگای ئیستەنبووڵ، لە نێوان 22-27 پلەی بووە، بەڵام دوو رۆژە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی بارانبارین دەکات و لە رێگەی دەزگای (ئافاد)یشەوە هۆشداری بە دانیشتووانی شارەکە دەدات ئاگاداری خۆیان بن بەهۆی ئەوەی بارانێکی زۆر دەبارێت و رەنگە چەندین شوێن ژێرئاو بکەون. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی دەکات لە رۆژی 15ـی مانگەوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ باران لە ئیستەنبووڵ ببارێت. ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی رووداوە سروشتییەکانی ئیستەنبووڵ AKOM، هۆشداری ئەگەری روودانی لافاویدا. 
 
باسی لەوەشکرد، لەم پێنج رۆژەدا لانیکەم شەش پلەی گەرما دادەبەزێت. لە رۆژی پێنجەمدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. 
 
فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخی لەناکاو (ئافاد) داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە بەرامبەر ئەگەرەکانی لافاو و کێشەی هاتووچۆی رێگاکان ئاگاداربن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا، ئەمڕۆ لە 16 پارێزگای تورکیا باران دەبارێت. لە 9 پارێزگای هەرێمی دەریای رەش لێزمەباران دەبارێت و ئەگەری روودانی لافاوی دەبێت.