لە رێوڕەسمی ناشتنی ئایشەنووردا مشتومڕ لەنێوان سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی جەهەپە دروستبوو
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ئایشەنوور ئێزگی؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بەهۆی ئەوەی رێگەی پێنەدرا گوتارێک پێشکێش بکات، لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیادا کەوتە مشتومڕ.
ئایشەنوور کە هاووڵاتییەکی تورکی - ئەمریکییە و تەمەنی 26 ساڵە، رۆژی 06-09-2024 لە خۆپێشاندانێکدا لە دژی دروستکردنی ئۆردوگا جوونشینەکان لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین، بە گوللـەی سەربازانی ئیسرائیل کوژرا.
دوای ئەوەی رۆژی هەینی تەرمەکەی گەڕێندرایەوە ئیستەنبووڵ، رۆژی شەممە 14-09-2024 لە شارۆچکەی دیدیم-ی سەر بە ئیزمیر بەخاکسپێردرا.
لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا چەندین بەرپرسی حکومەت و پارتەکان ئامادە بوون؛ بەڵام تەنیا نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتاری پێشکێش کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رەخنەی لە سەرۆکی پەرلەمان گرت و گوتی، "هەر گوتەیەک بەهای خۆی هەیە، بەڵام بۆ ئەوانەی دەزانن گوێی لێ بگرن. تەنانەت لەم رۆژەشدا هێشتا سیاسەت دەکەن! لێرەدا چوار قسەی ئێمەش بەهای خۆی دەبێت. بۆ خۆتانی جێدەهێڵم، بەڵام ئێوە دەڵێن بێلایەنین و دواتریش ئەم جۆرە کارانە دەکەن و پیاوانی ئایینی دەکەنە کەرستە، ئەمە خۆش و لێوەشاوە نەبوو."