فوئاد حوسێن: سەربازگەی باشیک رادەستی هێزە عێراقییەکان دەکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

چوارەم کۆبوونەوەی شاندی باڵای هاوبەشی عێراق-تورکیا لە ئەنقەرە کۆتاییهات. هاکان فیدان خۆشحاڵیی خۆی بۆ بڕیاری داخستنی سێ پارتی "سەر بە پەکەکە" لە عێراق دەربڕی و رایگەیاند، لە 1ـی ئەیلوولەوە ڤیزە لەسەر هاوڵاتییانی عێراقی تەمەن کەمتر لە 15 و زیاتر لە 50 ساڵ هەڵدەگیرێت. فوئاد حوسێن-یش ئاشکرایکرد، سوپای تورکیا لە سەربازگەی باشیک لە نەینەوا دەکشێتەوە و دەبێتە بنکەی مەشقی هێزە عێراقییەکان. 
 
شاندی تەکنیکی عێراق بە سەرۆکایەتیی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی عێراق-تورکیا لە رۆژی 14ـی مانگەوە لە ئەنقەرە ئامادەکاریان دەکرد بۆ رێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی شاندی باڵای ئەمنی هاوبەشی عێراق-تورکیا. شاندی باڵای عێراق، بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و بە ئەندامێتی وەزیری بەرگریی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گشتیی، سوپاسالاری عێراق، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە ئەنقەرە.  
 
شاندی تورکیاش بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ وەزیری بەرگریی، سەرۆکی میت، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ، فەرماندەیەکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا، لەگەڵ شاندی باڵای عێراق لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا رێککەوتنە نوێیەکانیان بۆ رای گشتی ئاشکراکرد. 
 
کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکەن
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، عێراق مایەی بایەخی زۆری تورکیایە و هەموو کارێک دەکات بۆ پاراستنی پەیوەندییە مێژووییەکەی لەگەڵ عێراقی دراوسێ؛ "بۆ بە دامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراقی دۆست، کاردەکەین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە ستراتیژییەکان. لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئاستی سیاسیی و تەکنیکی کۆبوونەوە و دیدارەکانمان چڕکردووەتەوە، بەمەش هێز و توانایەکی زیاترمان بە پەیوەندییەکانمان داوە. ئەم کاریگەرییە ئەرێنییە دوای سەردانەکەی مانگی نیسانی ئەمساڵی سەرۆک ئەردۆغان هات، کە گوڕوتینی زۆری بە پەیوەندییەکاندا."
 
راشیگەیاند، لەسەر ئەم بنەمایە شاندی هاوبەشی باڵای هەردوو حکومەت بۆ هاوئاهەنگیکردن بۆ پرسە گرنگەکان کۆدەبینەوە. لیژنەی هەمیشەیی هەن کار بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکە راسپێردراوەکان دەکەن کە لەسەرووی خۆمانەوە بۆمان دادەڕێژرێت و لەسەر بنەمای ئیرادەی سەرکردەکانمان کار دەکەین و بڕیار دەدەین. یاریدەدەرانی وەزیرانی دەرەوە پلانی کار ئامادە دەکەن و بۆ لیژنەی بەدواداچوون و کار پێشکێش دەکەن. ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و راپۆرت بۆ لیژنەی هەمیشەیی بەرز دەکەنەوە. ئەمڕۆش ئێمە لەپێناو جێبەجێکردنی ئیرادەی بەرزی سەرۆک ئەردۆغان و سەرۆکوەزیران سوودانی درێژە بە کار و چالاکییەکانمان دەدەین. 
 
ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە 
 
هاکان فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق "پرسی ئاسایشی باڵامان خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە. پار لە مانگی کانوونی یەکەم و ئەمساڵیش لە مانگی ئادار و ئێستاش پێکەوەین. ئەمڕۆ لە ئەنقەرە و کۆبوونەوەی داهاتوو لە بەغدا دەکرێت و بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت. بەخۆشحاڵییەوە ئەو رێکارانەمان بەرجەستەکرد لە دژی پەکەکە کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گیراونەتەبەر. لە هەنگاوی یەکەمدا پەکەکە بە هەڕەشەیەکی هاوبەش و لە هەنگاوی دووەمیشدا پەکەکە خرایە لیستی رێکخراوە قەدەخەکان. ئێمە بەسوپاسەوە پێشوازی لەم هەنگاوە گرنگانە دەکەین." 
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و پرسی ئاسایش و هاوئاهەنگی هەواڵگریمان تاوتوێکرد. هەروەها پێشوازیمان لە بڕیاری داخستنی سێ پارتی سیاسی کرد کە سەر بە پەکەکەن و لەژێر سێبەری پەکەکە لە عێراق کاردەکەن. هەروەها لە هاوئاهەنگی سەربازی، ئەمنی و هەواڵگریدا رەشنووسی رێککەوتنی تایبەتمان ئامادەکرد. ئەم رێککەوتنە لەلایەن وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات واژۆیان لەسەرکرا. مەشق و راهێنان و هاوئاهەنگی راستەوخۆ و هاریکاریکردنی یەکدی هەنگاوێکی دیکەی رێککەوتنەکانمانە. خواستمان لەسەر ئەوەیە کە بتوانین ئەم هاوئاهەنگییە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە گۆڕەپاندا بەدی بکرێت و لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەرجەستە بکرێت." 
 
ڤیزە بۆ تەمەنێکی دیاریکراو هەڵدەگیرێت 
 
هەردوو وڵات بڕیاریاندا رێکارەکانی پێدانی ڤیزە بۆ یەکدی ئاسانتر بکرێت. پێشتر لەلایەن عێراق سەرەی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی تورکیا درێژخایەن و سنووردار بوو. کێشەی بۆ بازرگانان و تەنانەت شاندەکانیش دروست دەکرد. عێراق لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ئاسانکاری کرد. هەرچی لایەنی تورکیایە، هەرچەندە لە رووی کات خێرا ڤیزە بە هاووڵاتییانی عێراق دەدات بەڵام لە رووی رێکار و نرخەکەی بارگرانیی دروست دەکات. ئەنقەرە بەهۆی رێککەوتنی لەگەڵ بەغدا، چاوی بە رێکارەکانی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی عێراق دا خشاندەوە. 
 
هاکان فیدان رایگەیاند، دەمەوێ مژدەیەکی خۆش بدەمە خوشک و برایانمان لە عێراق. لەگەڵ لایەنی عێراقی واژۆمان لەسەر رێکاری نوێی پێدانی ڤیزە کرد. لە سەرەتای مانگی ئەیلوول بەتایبەتی لە 1ـی ئەیلوولەوە، ڤیزە لەسەر هاوڵاتییانی عێراقی تەمەن کەمتر لە 15 و زیاتر لە 50 ساڵ هەڵدەگیرێت. هیوادارم ببێتە مایەی خێر. 
 
پەیوەندیی بەغدا-ئەنقەرە فراوانتر دەکرێن
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا تیشکی خستە سەر پەیکەربەندی و چۆنێتی کاری لیژنەی باڵای ئەمنی و لیژنە لاوەکی و هەمیشەییەکان. رایگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن، لیژنەی هەمیشەیی و تایبەتمان بۆ هەموو بوارێک دامەزراند. لیژنە هەمیشەییەکان؛ بریتین لە لیژنەی ئاو، ئابووری و بازرگانیی، کارەبا، وزە بە نەوت و گاز، رۆشنبیری و گەشتیاری، تەندروستی، پیشەسازیی، گواستنەوە و گەیاندن، وەرزش و لاوان، پەروەردە و فێرکردن، کشتوکاڵ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئاسایش. 
 
لیژنەی تایبەتە لاوەکییەکان، ئەرکە سپێدراوەکانی لیژنەی هەمیشەیی جێبەجێ دەکەن و بەدواداچوون بۆ نوێترین پێشهاتەکان دەکەن. بۆ ئەوەی سەرجەم بڕگە و مادە ستراتیژییەکان جێبەجێبکرێن کە سوودانی و ئەردۆغان سەرپەرشتیان کردبوو. گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر نایابە، بەڵام چاومان لەوەیە پەیوەندییەکان فراوانتر بکەین. ئەم لیژنانە دوای تەواوکردنی توێژینەوەکانیان، دەستبەکار دەبن." 
 
بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی دژ بە مادەی هۆشبەر، تاوان و بازرگانی بە مرۆڤ 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە گفتوگۆکاندا باسمان لە چالاکییەکانی رێکخراوە تاوانکارەکان کرد بەتایبەتی ئەو رێکخراوانەی لە هەردوو سنوورەکاندا کار دەکەن. هەردوو وڵات بەردەوام لەلایەن ئەم رێکخراوانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. نەک تەنیا لەلایەن رێکخراوەکانی تیرۆر بەڵکو رێکخراوەکانی تاوانیش ئەم هێرشانە دەکەن بەتایبەتیش قاچاخ و کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ. ئەرکی سەرشانی هەردوو وڵاتە رووبەڕووی ئەم دیاردە مەترسیدار و رێکخراوانە ببینەوە. 
 
گوتی: "بازرگانی مادەی هۆشبەر پرسێکە دەبێ رووبەڕوویان ببینەوە. ئێستا کۆمەڵگەی عێراقی رووبەڕووی دیاردەیەکی نامۆ و نوێ بووەتەوە کە دیاردەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردنە بەو مادەیە. بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر تەنیا لە ناوخۆ ناکرێت. پێویستمان بە هاوئاهەنگی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەش هەیە بۆ بەرگرتن لە هاتنی مادە هۆشبەرەکان. لەگەڵ لایەنی تورکی لە هاوئاهەنگییەکی زۆر ئاست بەرزداین."
 
رێکارەکانی پێدانی ڤیزە 
 
فوئاد حوسێن لەمبارەیەوە گوتی: "زۆر خۆشحاڵم بەو مژدە خۆشەی هاوشانە بەڕێزەکەم، بەوەی لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە شێوازی مامەڵەکردنی ڤیزا لەلایەنی تورکیا دەگۆڕێت. ئەمەش رێگەخۆش دەکات بۆ هاموشۆی ئاسانی نێوان کۆمەڵگەی عێراقی و تورکی. هەروەها چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانیش ئاسانتر دەکات بەتایبەتی رۆڵی کۆمپانیاکانی تورکیا لە عێراق و رۆڵی وەبەرهێنەرانی عێراق لە تورکیا زیاتر دەکات. سوپاس بۆ ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە."  
 
رادەستکردنەوەی سەربازگەی باشیک 
 
لەبارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی و سەربازی کە لەلایەن وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات واژۆکرا. فوئاد حوسێن پێیوایە ئەمە یەکەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بێت بەم وردەکارییە، راستە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو یاداشتنامەی دیکە هەبووە، بەڵام لە کاری هاوبەشدا ئەمە یەکەمیانە. 
 
فوئاد حوسێن گوتی: "ئێمە پابەندین بە دەستووری عێراقی. لە دەستوور ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەر کردەوەیەکی سەربازیی کە لە خاکی عێراقەوە بە ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بکرێت، ئەوە دژایەتیکردنە بۆ دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی عێراق. ئێمەش لەم ئاراستەیەدا هەنگاو دەنێین کە پاراستنی سەروەری خاکی عێراقە و پاراستنی دۆخی ناوخۆی عێراقە. چونکە هەڕەشەکان تەنیا لایەنی تورکی ناگرێتەوە، عێراقیشی گرتووەتەوە."
 
گوتیشی: "چەندین رووداوی ئاشکران هەن، راستی قسەکانمان دەسەلمێنن. بەشێک لە رێکخراوەکان کە بانگەشەی بەرەنگاربوونەوە دەکەن، کەچی بوونەتە مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگەی عێراق. هەروەها بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر دۆخی سیاسیی عێراقی و پرۆسەی دیموکراسی عێراق."
 
باسی لەوەشکرد، تورکیا رازیبووە بە رادەستکردنەوە و چۆڵکردنی سەربازگەی باشیک لە مووسڵ و پێدانی بە هێزەکانی عێراق. گوتیشی: "خۆشحاڵم، دوای گفتوگۆی تێروتەسەلی روون و راشکاوانە، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتووین. لەم خاڵانەدا لەسەر سەربازگەی باشیک رێککەوتووین، کە سەربازگەکە دەبێتە بنکەی مەشقی هێزە ئەمنییەکانی عێراق. لەسەر چۆنێتی کارکردن و بڕگە و ماددەکانیشی رێکدەکەوین. ئیدی سەربازگەکە دەبێتە بنکەیەکی عێراقی."  
 
قەدەخەکردنی جموجۆڵەکانی پەکەکە
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەبارەی بوونی هێزەکانی پەکەکە رایگەیاند، بابەتێکی دیکە کە گفتوگۆمان لەبارەیەوە کرد، بوونی پەکەکە بوو، جا لە قەندیل بێت یان مەخموور، شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق بێت. باسمان لە مەترسی و کێشەکانی بوونی ئەم هێزانە کرد بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش. ئەم درێژەپێدان و پاوانخوازییە مەترسیی و هەڕەشەیە بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی، هاوکات مەترسییە بۆ سەر کۆمەڵگەی عێراقیش. چونکە بوونیان نایاساییە."
 
لەبارەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراقیش رایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی بڕیاریدا پەکەکە بخرێتە نێو لیستی رێکخراوە قەدەخەکراوەکان. ئیدی پەکەکە لە رووی سیاسی و ئەمنی و یاساییەوە حیزبێکی قەدەخەکراوە. لەمبارەیەوە چەند حیزب و رێکخراوێکی سەر بە پەکەکە سکاڵا بۆ دادگەی فیدراڵی پێشکێش کرد، بەڵام دادگە رەتیکردەوە و بڕیاریدا بە قەدەخەکردنی هەموو جۆرە چالاکییەکی ئەم لایەنانەی لەژێر سێبەری ئەم حیزبەدان. بەمەش حکومەت رێگری لەم حیزبە دەکات لە گۆڕەپانی عێراقی و خاکی عێراقی چالاکیی بکەن. هەموو جۆرە چالاکییەکیان قەدەخەیە و عێراق بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات."
 
یەکەم کۆبوونەوەی شاندی باڵای ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا لە 2019 لە ئەنقەرە کرا. کۆبوونەوەی دووەم لە رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023 بەڕێوەچوو. بۆ یەکەمجار لە راگەیێندراوی کۆتاییدا پەکەکە وەک "هەڕەشەی هاوبەش" ناسێندرا. 
 
رۆژی 14ـی ئاداری 2024، سێیەم کۆبوونەوە لە بەغدا بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، پەکەکە ـی خستە لیستی رێکخراوە قەدەخەکراوەکانی عێراق. کۆبوونەوەی چوارەمیش رۆژی 15ـی ئابی 2024 لە ئەنقەرە کرا. 
 
رۆژی 22ـی نیسانی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 27 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە سەرجەم بوارەکاندا واژۆ کران. بەرچاوترینیان رێککەوتنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاو بوون.