ئاسایش، ئاو و پەیوەندییەکان سێ دۆسیەی گفتوگۆکانی عێراق و تورکیان

15-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوە لە تورکیایە. پرسی ئاسایش یەکێک لە دۆسیەکانی گفتوگۆی بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەیە. جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی عێراق دەڵێت: "بابەتی سنوور و هێرشەکانی تورکیا و کێشەی پەکەکەش باسدەکرێن."
 
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، 15ـی ئابی 2024، شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، گەیشتە ئەنقەرە. هەریەک لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە شاندەکەدان.
 
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ژمارەیەک بابەتی گرنگ و هەستیار لە کۆبوونەوەکانی شاندەکەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ دەکرێن، لەنێویاندا بابەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دوو قۆڵیی هەردوو وڵات، جگە لە بابەتی ئاسایش و ئاو."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە هیچ پەرلەمانتارێک هاوەڵی شاندەکەی عێراق نییە، پاساویش ئەوەیە "پەیوەندیی حکومەت و حکومەتە."
 
دەشڵێت: "بابەتی ئاسایش یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوان شاندەکەی عێراق و بەرپرسانی تورکیا دەبێت، بەتایبەت کێشەی پەکەکە و هێرشەکانی تورکیا لەنێو خاکی کوردستان و پێشێلکردنی سەرەوەریی عیراق."
 
لە نوێترین راپۆرتیدا کە دوێنێ چوارشەممە، 14ـی ئاب بڵاویکردەوە، رێکخراوێکی ئەمریکی رایگەیاند، لەماوەی زیاتر لە 33 ساڵدا بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانەوە 845 کەسی سڤیل لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی، کە 425ـیان گیانیان لەدەستداوە، زۆرترین قوربانییەکانیش بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بووە.
 
بەپێی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)، تورکیا بەرپرسیارە لە 83٪ـی قوربانییانی مەدەنی، کە بەهۆی هێرشەکانییەوە 344 کەس کوژراون و 358 کەسیش برینداربوون. 39٪ـی قوربانییان لەنێوان ساڵانی 2018 تاوەکو 2024 بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە