وەزیری بەرگریی تورکیا: بە ئەمریکییەکانمان گوت لەبری یەپەگە شەڕی داعشتان بۆ دەکەین

15-08-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش پێشنیازیان کردووە ببنە جێگرەوەی یەپەگە و هێزی سەربازی بدەنە ئەمریکا، بەڵام تائێستا ئەمریکا وەڵامی ئەو پێشنیازەی نەداونەتەوە. 
 
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی چوارشەممە (14ـی ئاب) لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە یەپەگە لەلایەن ئەمریکاوە، گوتی "لە سووریا هەر لە سەرەتاوە شتێک بە ناوی پەیەدە نییە، بە گشتی پەکەکە خۆیەتی. ئەمە شتێک نییە کە تێینەگەین."
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە یەپەگە بەشێکە لەو هێزە بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە تێکشاندنی داعش، بەڵام تورکیا بە بەشێک لە پەکەکەیان دەزانێت.
 
وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت "دۆستەکانمان پێمان دەڵێن پێویستمان بە هێزە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، من راشکاوانە پێشنیازێکم بۆ دۆستە ئەمریکییەکانمان کرد و پێمگوتن 'بەڕاستی دەتانەوێت شەڕی داعش بکەن؟' گوتیان 'بەڵێ.' منیش گوتم 'کەواتە پێویستتان بە چەندە هێزی سەربازی بێت، ئێمە پێتان دەدەین.' بەڵام بێدەنگ بوون. هیچ شتێکیان نەگوت. ئێمە هاوپەیمانی ناتۆین، بەڵام ئەوەی دەکرێت پێمانوایە گەمە بە عەقڵی ئێمە دەکەن."  
 
تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی یەپەگە تائێستا سێ ئۆپەراسیۆنی بە ناوەکانی "قەڵخانی فورات"، "چڵە زەیتوون" و "کانی ئاشتی" لە رۆژئاوای کوردستان کردووە، هەر یەک لە عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بەهۆیانەوە داگیرکردووە.
 
گولەر لەبارەی دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاماژەی بەوەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا زۆر کار بۆ ئارامی ناوچەکە دەکات و دەیەوێت گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ حکومەتی سووریا دەستپێبکات، بەڵام حکومەتی سووریا دەڵێت، 'تاوەکو ئێوە کاتی کشانەوەتان لە سووریا رانەگەیێنن، گفتوگۆ دەست پێناکەین.'

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە