ئەردۆغان: تا قیامەت لەوانە خۆشنابین کە دەڵێن 15ی تەممووز سیناریۆ بووە

رووداو دیجیتاڵ 

لە گوتارێکیدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەممووزی 2016، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، تا رۆژی قیامەت لەو کەسانە خۆشنابن کە ئەو رووداوە بە سیناریۆ ناودەبەن.
 
بەبۆنەی هەشتەمین ساڵڕۆژی هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی 2016، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی تەممووزی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پرۆگرامێکی تایبەت لە نزیک پردی (بۆغازیچی) کە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ 15ی تەممووز، گوتاری پێشکێشکرد.
 
ئەردۆغان رایگەیاند: ''تا رۆژی قیامەت لەو کەسانە خۆشنابین کە بە 15ی تەممووز دەڵێن گەمە و شانۆگەری و بێشەرمانە بە شەڕی رێککەوتن لەسەرکراو، وەسفی دەکەن".
 
ئەردۆغان دووپاتیکردەوە کە خەڵک پشتگیرییان لە سەقامگیری کردووە و کودەتایان رەتکردووەتەوە. گوتیشی: "بە شانازییەکی گەورەوە یادی بەرخۆدانی گەلەکەمان دەکەینەوە کە بە دەستی بەتاڵ دژی تانک و چەکی کوشندە وەستانەوە. ئەم گەلە هەر وەک چۆن هەرەسی بە هەموو ئەو یارییانە هێنا کە سەربەخۆیی و ئیرادەیان کردە ئامانج، هەرەس بە یارییەکانی داهاتووش دەهێنێت".
 
شەوی 15ـی تەممووزی 2016، بەشێک لە سەربازانی سوپای تورکیا بەمەبەستی ئەنجامدانی کودەتا جووڵەیان پێکرا. ئەوان دەستیان بەسەر چەند دامودەزگایەکی حکومەتدا گرت، بەڵام سەرەنجام ئەو هەوڵە شکستی هێنا و وەکو کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەممووز چووە نێو مێژووی تورکیاوە.
 
راستەوخۆ دوای ئەم رووداوە باری نائاسایی راگەیێندرا، دەسەڵات جەماعەتی گولەنییەکانی تۆمەتبارکرد و ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئەندامانی دەستپێکرد. بەهۆی ئەوەی رابەری گولەنییەکان لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا دەژی، ئەم بابەتە کاریگەری خستەسەر پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتنیش. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە گولەنییەکان بە هەموو جۆرێک رەتیدەکەنەوە، دەستیان لەو هەوڵی کودەتایەدا هەبووبێت.
 
تورکیا چەندین جار لەرێی پۆلیسی ئینتەرپوولەوە داوای لە ئەمریکا کردووە، فەتحوڵڵا گولەن رادەست بکات. بەڵام تائێستا ئەو هەوڵە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.