دارستانێکی ئیزمیر دەسووتێت و 3 کەس گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سووتانی دارستانێکی شارۆچکەی چەشمە سەر بە پارێزگای ئیزمیری تورکیا بەردەوامە و تائێستا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
لە ناوچەی دەلیکلیکۆی سەر بە شارۆچکەی چەشمە، ئەمڕۆ دووشەممە، 15-7-2024، بەهۆکارێک کە هێشتا دیار نییە ئاگر لە دارستانەکەی بەربوو.
 
لە دوای ئاگادارکردنەوەیان، دوو فڕۆکە، چوار هێلیکۆپتەر، 16 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، سێ تانکەری ئاو، سێ شۆفڵ و تیمی ئاگرکوژێنەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی دارستانی ئیزمیر رەوانەی شوێنەکە کران.
 
هەوڵی تیمەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامە و ئەوان باس لە بوونی بایەکی تووند دەکەن و دەڵێن، ئاگرەکە بە خێراییەکی زۆر بڵاودەبێتەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییە.
 
ناوچە دارستانییەکانی چەشمە خەڵکیشی لێ دەژین. ئاگرەکە وایکرد ژمارەیەکی زۆر لەو خەڵکی ناوچەکە بەپەلە ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن. 
 
تاوەکو ئێستا تەرمی سێ هاووڵاتی دۆزراونەتەوە کە بەهۆی ئاگرەکە گیانیان لەدەستداوە. لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە دەستیپێکردووە.
تیمەکانی تەندروستی و بەرگریی شارستانی بە هاوبەشی لە ناوچە دارستانییەکاندا گەڕان و پشکنین دەکەن.