هاکان فیدان: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا لە لاوازیمانەوە نییە

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە لاوازی یان ناچاری نییە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا و ئێرانیش رۆڵی ئەرێنی دەگێڕن.
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا سعودیەکەی لەبارەی هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق قسەی کرد و گوتی، "دەبوو لە 2017وە پرۆسەکە ئەنجام بدرایە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز دواخرا. سەرەڕای ئەوەش، بە نهێنی و ئاشکرا، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە رێگەی رووسیا و ئێرانیشەوە کەناڵە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی هەواڵگری، دیپلۆماتکارانی وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری و تەنانەت ئاستی سەرکردەکانیش لە لووتکەی ئاستانەدا گفتوگۆ هەبووە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا زیاتر لەبارەی بابەتەکە قسەی کرد و گوتی، "دۆخی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە پێویستی بە ئارامی هەیە و ناچارمان دەکات ئاشتی و سەقامگیری هەبێت. سەرۆککۆماریش سەرۆکی سووریای بانگهێشت کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. ئەم بانگهێشتە زۆر گرنگە و هیوادارم وەڵامیان هەبێت و لە بەهاکەی تێبگەن."
 
هاکان فیدان رایگەیاند، "دەمەوێت ئەوەش روون بکەمەوە، بانگهێشتەکەمان لە ئەنجامی لاوازی و ناچاری نییە. هەمووان سەرۆککۆمارمان دەناسن و هیچ کات لە بەرپرسیارێتیی هەڵنەهاتووە، بەپێچەوانەوە بەوپەڕی سووربوونەوە رووبەڕووی هەموو ئاڵنگاری و کێشەکان دەبێتەوە و چارەسەریان دەکات. تێڕوانینی ئاشتییانەی سەرۆککۆمار وایکرد دەستپێشخەر بێت و داوا دەکەم بایەخ بەم بانگهێشتە بدەن."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، "لە قۆناخی داهاتووشدا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان. چاوەڕێی هەڵوێست و رۆڵی ئەرێنیی رووسیا و ئێران دەکەین، چونکە ئەوانیش دەستپێشخەرییان هەیە. بە هەمان شێوە برایانمان لە سعودیە هاوکارمان دەبن بۆ ئەم بابەتە."
 
هەروەها ئەو وەزیرەی تورکیا ئاماژەی بە دۆخی سووریا کرد و بە "زۆر ئاڵۆز" ناوی برد، گوتی، "ئێمەش لەنێو ئەم هەموو ئاڵۆزییەدا سنوورێکی 911 کیلۆمەتریمان هەیە. بۆیە زۆر گرنگە قووڵایی ستراتیژی و سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزین. تێڕوانین و سیاسەتی ئێمە لەمبارەیەوە زۆر روون و ئاشکرایە. ئێمە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆمان ناکەینەوە، بەڵکو بیر لە سووریاش دەکەینەوە. هەمیشە پێداگریمان لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەکگرتوویی هەڵوێستی سیاسی کردووەتەوە."
 
هاکان فیدان باسی لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی هەندێک ناوچەی سووریا و نیگەرانی ئەو گرووپە چەکدارانەی سووریا کرد کە ئەنقەرە پاڵپشتییان دەکات و گوتی، "لێرە و لەوێ دەنگی جیاواز بەرز دەبێتەوە. دەمەوێ ئەوە بڵێم ئێمە هەڵوێستمان بێ هۆکار بەرامبەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ناگۆڕین."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئازادە چ بڕیارێک دەدات و هەڵوێستی چۆن و چی دەبێت و بە چ مەرجێک پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاسایی دەکەنەوە و باسی لە پێکەوە کارکردنیان لە چەند ساڵی رابردوودا کرد و گوتی، "ئێمە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و پەکەکەدا لە عەفرین، گرێ سپی، سەری کانێ چەندین ساڵ پێکەوە شان بەشان دژی تیرۆر و داگیرکاران جەنگاین. ئێمە دەوڵەتێکی زۆر بەوەفا و دڵسۆزین و هەرگیز ئەم گیانفیداییانە لەیاد ناکەین. بەڵام ئەو برایانەمان ئازادن چۆن بڕیار دەدەن لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا. ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئازادە لەگەڵ رژێمی سووریا چۆن و چ بڕیارێک دەدات و چۆن دانوستاندن دەکات. ئەوە بابەتێکە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە و ئێمەش رۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕین."
 
هاکان فیدان گوتی، "دووپاتی دەکەمەوە ئێمە لە نیوەی رێگەدا بەتەنیا جێیان ناهێڵین و فیداکارییەکانیشیان لەیاد ناکەین. ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو برایانەماندایە رێگری لەوە دەکەن شەپۆلی نوێی کۆچ روو لە تورکیا بکات. ئەوان هەروەها هاوکارمانن لە دەستگیرکردنی تۆڕە تاوانکارییەکان. ئەوان مانگانە جارێک لەگەڵ فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکانمان کۆدەبنەوە و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ دەکەن و بەو هۆیەوە شانەی نهێنی داعش دەستگیر دەکرێت و چەتەکان دەستگیر دەکرێن. ئەوان لەودیوی سنوورەکان خزمەتێکی زۆر بە ئاسایشی نیشتمانیمان دەکەن."
 
لەبارەی دۆخی پەنابەرانی سووریایی نیشتەجێی تورکیا، هاکان فیدان گوتی: "سیاسەتمان نەگۆڕیوە، ویستی سەرۆککۆمارمان نەگۆڕاوە. جگە لەوانەی بە ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بە زۆر کەس ناگەڕێنینەوە وڵاتەکەی. ئەمەش وەڵامێکە بۆ هەندێک هەواڵی چەواشەکار و دوور لە راستی."
 
تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆڵی لە سووریادا هەیە، ئەوەش بەشێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی ژمارەیەک گرووپی چەکدارەوە کە یارمەتییان دەدات.
 
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکرد، تورکیا پشتیوانی لەو گرووپە چەکدارانە کرد. ئەنقەرە هێشتاش هێزی لە ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا هەیە کە دیمەشق بە تووندی دژی ئەوەیە و داوای کشانەوەی تەواوەتییان دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی ساتی رووداوەکە

وەزیری دادی تورکیا لەبارەی مردنی دوو کەس بە کارەبا: بەرپرسیار سزا دەدرێت

سەرەتا ئۆزگە جەرەن دەنیزـی تەمەن 23 ساڵ پێ دەخاتە نێو ئاوەکە و راستەوخۆ دەکەوێت و گیان لەدەست دەدات. ئینانچ ئۆکتەمای تەمەن 44 ساڵ کە نازانێت ئەو کەسە کارەبا گرتوویەتی، هەوڵی رزگارکردنی دەدات، بەڵام ئەویش بە هەمان شێوە گیانی لەدەستدا.