رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەریی خۆسەر رایگەیاند، هەوڵێک بۆ رەوایەتیدان بەو رێکخراوە هەیە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای گەڕانەوەی لە سەردانەکەی بۆ وڵاتانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا، رۆژی شەممە 15-6-2024 لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان: هەوڵێک بۆ رەوایەتیدان بە رێکخراوی تیرۆرستی هەیە
لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەی شارەوانی کە بڕیارە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بکرێت، ئەردۆغان گوتی "هەڵبژاردن و شتی وا نییە. با ئەوەش بڵێم، هەوڵێک لە ناوچەکەدا بۆ پێدانی رەوایەتی بە رێکخراوی تیرۆریستی هەیە. یارییەک هەیە کە بۆ بونیانتانی تیرۆر-ستانێک."
رۆژی 28ـی ئاداری 2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یەکەمین کۆبوونەوەی کرد و، بڕیاری دا رۆژی 30ـی ئایاری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بکرێت، بەڵام رۆژی 11-5-2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دواخراوە و رۆژی 11-6-2024 بەڕێوەدەچێت.
رۆژی 6-6-2024 جارێکی دیکە هەڵبژاردنەکە بۆ مانگی ئابی ئەمساڵ دواخرا. هەر هەمان رۆژ وەزارەتی بەرگریی تورکیا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستانی کرد. زەکی ئاکتورک، راوێژکاری رۆژنامەڤانی و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتی: "لەبارەی ئەو پرسە سەرۆککۆمارمان هۆشداریی پێویستی داوە. ئەم بەناو هەڵبژاردنانە، دەبێت بە تەواوی هەڵبوەشێندرێنەوە. قبووڵکردنی دۆخێکی لەو جۆرە جێگەی باس نییە."
بەپێی دابەشبوونی نوێی ئیداری، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە حەوت کانتۆن، شەش شاری گەورە، 40 شار و 105 شارۆچکە پێکدێت.
پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاند، زیاتر لە 3 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها گوتی، ئەو کۆچبەر و پەنابەرانەی زیاتر لە پێنج ساڵە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نیشتەجێن، مافی دەنگدانیان دەبێت.
ئەردۆغان، هەروەها لەبارەی چەند بابەتێکی دیکەش لەوانە فەلەستین و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە، قسەی کرد.
ئەردۆغان: هیوادارین پلانەکەی بەڕێز بایدن بانگەشەی هەڵبژاردن نەبێت
ئەردۆغان لەبارەی دۆزی فەلەستین و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوتی: "بۆ تێپەڕین لە تاقیکردنەوەی فەلەستین کە مرۆڤایەتی رووبەڕووی بووەتەوە، بەبڕوای من کۆمەڵە وڵاتێکی زۆر ماون لەپاڵ ئاشتی دا بن و پێویستە بەبوێرییەوە بە ئیسرائیل بڵێن بووەستە."
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان لەسەر داننان بە 'دەوڵەتی فەلەستین' گوتی "بە فەرمی ناسینی دەوڵەتی فەلەستین لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەوانەیە کەشی ناوچەکە بگۆڕێت. ئیدی هەموو کەس ئەوە دەزانێت، کە ئەو دۆخە بەمشێوەیە نابێت، پەنا بەخوا لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکا، دۆخەکە جیاواز دەبێت."
ئەردۆغان لەبارەی پلانە سێ قۆناخییەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوەیە، پلانەکەی بەڕێز بایدن پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نەبێت بەڵکو بیسەلمێنێت ئەو پلانە هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆمەڵکوژییەکانی فەلەستین."
ئەردۆغان ستایشی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی لەبارەی فەلەستین کرد، هاوکات رایگەیاند ئەمە بەس نییە بۆ چارەسەری کێشەکان و گوتی "هەموومان دەزانین بڕیارەکانی سەر کاخەز، لە لایەن ئیسرائیلەوە دانیان پێدانانرێت."
ئەردۆغان: تورکیا دەبێت لە دەستووری کودەتا رزگار بکرێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها باسی لە نووسینەوەی دەستووری تورکیا کرد گوتی "تورکیا ئیدی دەبێ لە شوورەیی دەستووری کودەتا رزگاری بێت. ئەوە بەرپرسیاریێتیی دەسەڵاتی سیاسی و یاسادانانە بەرامبەر بە خەڵک. داڕشتنەوەی دەستوورێک کە وەڵامدەری خواستی گەلەکەمان بێت، قەرزی ئەو گەلەیە لەسەر شانی سیاسەتڤانان."
"جمهوور مێزی شەشقۆڵی نییە"
یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی ئەردۆغان باسی کرد، دیدارەکانی بوو لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە. بەتایبەتی کە دوای دیدارەکان ئەگەری هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) باسی لێوە دەکرا، لەمبارەیەوە ئەردۆغان گوتی "ئێمە، وەک هاوپەیمانیی جمهوور لەسەر هەمان هەڵوێستی خۆمان دەبین و بەردەوام دەبین لەسەر ئەو بۆچوونە. هاوپەیمانیی جمهوور مێزی شەشقۆڵی نییە."
دوای تێپەڕبوونی 40 رۆژ بەسەر کۆبوونەوەیان لە بارەگای ئاکپارتی، رۆژی سێشەممە 11-6-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەردانی بارەگای جەهەپەی کردەوە و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل پێشوازی لێکرا.
ئەردۆغان و ئۆزەل لە نهۆمی 12ـی بارەگای جەهەپە کۆبوونەوە، کە شوێنی تایبەتی سەرۆکی جەهەپەیە. کۆبوونەوەی نێوانیان کاژێرێک و 30 خولەکی خایاند؛ کاژێر 4:00 دەستیپێکرد و کاژێر 5:30 کۆتاییهات.
لە دوای ئەو دوو کۆبوونەوەیەی ئەردۆغان و ئۆزەل، هیچ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازنەکرا.
ئەمە وایکرد دەنگۆی جۆراوجۆر بڵاوببێتەوە. تەنانەت دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بە تووندی وەڵامی دەنگۆکانی دایەوە و لارینەبوونی خۆی لە دروستبوونی هاوپەیمانییەک لەلایەن ئاکپارتی و جەهەپەش نیشاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ