ئەردۆغان: فراکسیۆنەکەمان داواکاریی زیادکردنی مووچە پێشکێشی پەرلەمان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند بەمنزیکانە فراکسیۆنەکەیان داواکاری بۆ زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات.
 
دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، کابینەی نوێ بە ستافێکی تازەوە دەست بەکار بووە و نەخشەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئامادەکردووە. 
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە، دۆخی دارایی و ئابووریی وڵاتەکەیان کاری لەپێشینەیانە و هەنگاوی بۆ دەنێن. هەروەها گوتی لە هەفتەی رابردووەوە دەست بە کۆبوونەوەکانی دیاریکردنی کەمترین بڕە مووچەی تورکیا بۆ تەمموزی ئەمساڵ کراوە. 
 
ئەردۆغان باسی لە دۆخی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ کرد، کە زیانێکی گیانی و مادیی بێشوماری لە باکووری کوردستان و تورکیا دا و، رایگەیاند تاوەکو ئەمڕۆ حکومەت بڕی 61 ملیار لیرەی وەکو هاوکاریی ماددی بە زیانبەرکەوتووان داوە. گوتیشی "بە ئامانجی دووبارە بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو، 11 ناوچەی دیکە لە پارێزگاکانی بوومەلەرزە بە ناوچەی پیشەسازی رادەگەیێنین. هەروەها پلانمان وایە ژمارەی ناوچە پیشەسازییەکان بگەیەنینە 18 ناوچە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لە چوارچێوەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی بوومەلەرزەلێدراودا دوکان و شوێنی کاریش دروستکران و لە هاوکاریی و پشتیوانیەکانیشدا بەشی کاسبکارانی تێدا بوو.