هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئاشتەوایی گەورە و سازانی کۆمەڵایەتیی کورد و تورک چارەسەرە

 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی پرسی کوردی بە گرنگترین پرسی تورکیا پێناسە کرد. جەختی کردەوە کە ئاشتی و سازانی کورد و تورک چارەسەری کێشەکان دەکات. پێیشی وایە، هەر کاتێک باسی ئاشتی کرابێت، ئابووریی تورکیاش بەرەوپێش چووە.
 
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا کە رۆژی سێشەممە 14-05-2024 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) گوتارێکی پێشکێش کرد و باسی لە گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی تورکیا کرد.
 
باکرهان باسی لە بوونی ئاستەنگ لەبەردەم زمانی کوردی کرد و گوتی، "سبەی جەژنی زمانی کوردییە. پیرۆزبایی لە تەواوی گەلی کورد دەکەم و جەژنی زمانی کوردییان لێ پیرۆز دەکەم؛ بەڵام هێشتا ئاستەنگی جیدی لەبەردەم زمان و کولتووری کوردی هەیە و بەردەوامە. سەرەڕای ئەوەی لە سەدەی 21ین، سینەما، شانۆ و کۆنسێرتە کوردییەکان قەدەخە دەکرێن. بەداخەوە ئەم شەرمەزارییە 20 ساڵە بەردەوامە. ئەوانەی لەم وڵاتە بڵێن پاکتاوی و نکۆڵی هەیە و داوای دیموکراسی بکەن، هەروەک ئێوەش دەزانن یان دەکوژرێن، یان لە وڵات دووردەخرێنەوە، یانیش دادگەیی دەکرێن."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، پرسی کورد کە گرنگترین پرسی تورکیایە، ساڵانێکە حسابی بۆ ناکرێت، "نکۆڵی لە بوونی ملیۆنان کورد کرا. بۆ سەلماندنی ئەوەی کە کورد، کورد نییە، چەندەها تیۆریی بێمانا دروستکران. ئەم وڵاتە دەیان ساڵی بەهۆی ئەو تیۆریانەوە فەوتا."
 
باکرهان گوتیشی، "تورکیایەک کە تێیدا ناسینی ستاتۆی کورد مسۆگەرکراو بێت، کلیلی کێشەکانە. یەک پێکهاتەیی و نەتەوەپەرستیی کولتووری سەرچاوەیەکی ئەم کێشەیەن. پێناسەی ناسنامەیەکی هاوبەش کە هەمووان لەخۆبگرێت، دەبێتە دەرمان بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی ئەم وڵاتە. پێویستە بناخەی ئەوە دابنرێت کە کوردان بتوانن بە زمان، ناسنامە و ستاتۆی خۆیان بژین. ئێستا کاتی لێپرسینەوەیە لەگەڵ ئەو کۆمارە 100 ساڵییەی حسابی بۆ کورد نەکردووە و نکۆڵیی لە بوونیان کردووە."
 
لەبارەی چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا باکرهان پێشنیازی ئاشتەوایی نێوان ئەو دوو گەلەی کرد و گوتی، "رێگەی ئاسایشی نێوخۆ و دەرەوەی تورکیا، ئاشتەوایی گەورەی کورد و تورکە. هەتا ئاشتەوایی گەورەی کۆمەڵایەتی لەنێوان کوردەکان و تورکەکان نەکرێت، ئابووری و یاسا و دیموکراسی و ئازادیمان لەسەر زەوی دەکەوێت."
 
دەم پارتی کە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی ئاشتەوایی و چارەسەری بۆ ئاکپارتی درێژکردووە، ئەمجارەش ئەمەی دووپاتکردەوە. تونجەر باکرهان گوتی، "ئەگەر سەیری 10 ساڵی رابردوو بکەین، دەبینین تەنیا لەو کاتانەی باس لە چارەسەری کراوە، هەموومان بەیەکەوە ژیاین، خەڵک دڵخۆشتر بوون و ئابووریش باشتر بوو. لە هەر کاتێکدا تووندوتیژی لە هەڵکشاندا بووبێت، نایاسایی باڵادەست بووە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەو کاتەی وەبیرهێنایەوە کە هەوڵی داخستنی ئاکپارتی دەدرا و گوتی، "ئەوکاتەی هەوڵی داخستنی ئاکەپە دەدرا، لە کاتی بەرگری لەخۆکردن دەیانگوت، لە دیموکراسیدا ویستی خەڵک بنەمایە. باشە گولتان کشاناک هەڵنەبژێردراوە؟ سەلچوک مزراکڵی لەلایەن خەڵکەوە هەڵنەبژێردراوە؟ ئێمە رووبەڕووی دەسەڵاتێک و عەقڵێکی وەهاین، ئەوەی لەکاتی تەنگەتاویدا دەیڵێن، کاتێک دێنە سەر حوکم لەبیری دەکەن."
 
باکرهان باسی لە بابەتی ئاساییبوونەوە کرد و جەختیکردەوە کە دەسەڵات سەرەتا دەبێت کۆتایی بە دۆسیەی دادگەیی رووداوەکانی کۆبانی بهینێت، ئنجا باس لە ئاسایی بوونەوە بکات. هەروەها رایگەیاند، هەر کاتێک ئۆجەلان قسەی لەسەر ئاشتەوایی کردووە، هیوا دروستبووە و پێشهاتی باش هاتوونەتە ئاراوە، هەر کاتێکیش گۆشەگیری لەسەر ئیمراڵی دانرابێت، بێهیوایی هاتووەتە ئاراوە و ئابووری وڵات داڕماوە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی باسی لە بوونی هێرش و پەلاماری جیا جیا بۆ سەر پەرلەمانتار و بەرپرسانی پارتەکەی کرد و رووی دەمی لە دەسەڵات کرد و داوایکرد، واز لە هەڵبەستنی بوختان بهێنن. جەختیشی کردەوە کە سەرۆک شارەوانی. پەرلەمانتار و ئەندامانی دەم پارتی پارووی بچووک نین و ئەو جۆرە پەلامارانە ساردیان ناکەنەوە.