سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان لەسەر لیستی یەسەپە دەچێتە پەرلەمانی تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، سینان چیفتیورەک، سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان (KKP) کە لەسەر لیستی پارتی چەپی سەوز-یەسەپە لە وانی باکووری کوردستان بەربژێر بوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
هەڵبژارنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایار بەڕێوەچوو و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا لە هەشت کورسی پارێزگای وان، یەسەپە 6 کورسی بردووەتەوە و 2 کورسییەکەی دیکەش بۆ ئاکپارتین.
سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان لە نێو براوەکاندایە و دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە بۆ چوونە پەرلەمانی تورکیا.
چیفتیورەک لە ساڵی 2011 سەرۆکی پارتی سۆسیالیزم و ئازادی بوو و دواتر لە سێیەمین کۆنگرەی ئەو پارتەدا کە لە ساڵی 2018دا بەڕێوەچوو، ناوی پارتەکەیان گۆڕی بۆ پارتی کۆمۆنیستی کوردستان و ئێستاش سەرۆکی ئەو پارتەیە.
سینان چیفتیورەک نووسەر و سیاسەتڤانێكی کوردە و لە ساڵی 1952 لە گوندێكی سەربە شارۆچکەی سیوەرەک سەربە پارێزگای روهای باکووری کوردستان لەدایکبووە.