کڵچدارئۆغڵو: بە تانەلێدان رێگری لە دەنگی 1083 سندووق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێری سەرۆککۆماری تورکیا لە هاوپەیمانی میللـەت دەڵێت، لەو سندووقانەی رێژەی دەنگەکانمان بەرزن، تانە بەدوای تانە پێشکێش دەکەن و بەربەست دەخەنە بەردەم دەنگەکان بۆ ئەوەی لە داتاکاندا تۆمار نەکرێت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رێگری لە تۆمارکردنی دەنگەکانی 300 سندووق لە ئەنقەرە و 783 سندووق لە ئیستەنبووڵ دەکرێت، "سندووق هەیە شەش جار تانەیان لێداوە و سندووق هەیە 11 جار لەسەر یەکدی تانەیان لێداوە بۆ ئەوەی بەربەست بخەنە بەردەم تۆمارکردنی دەنگەکان لە داتای گشتیدا''.
کەمال کڵچدارئۆغڵو دەڵێت "بەم کارەی کردوویانە، بەربەستیان خستووەتە بەردەم ئیرادەی گەل. واز لە چەواشەکاری بهێنن، ئەو پرسە جیدییە؛ رێگەبدەن دەنگەکان بگەنە شوێنی مەبەست بۆ ئەوەی ئەنجامەکان دیاری بکرێن. چیدی چارەنووسی وڵات بەلاڕێدا مەبەن و بەرەو ئاقارێکی نادیاری مەبەن".
کڵچدارئۆغڵو داوای لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان کرد بەرپرسیاریێتیی خۆی بەجێ بگەیێنێت و "چیدی چاوپۆشی لەو رەفتارانە نەکات. بەڵگەنامەی واژۆکراومان لەژێر دەستدایە، رێگە مەدەن دەستی دەستی بە دەنگی خەڵک بکرێت".
بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت داوای لە چاودێرانی سەر سندووقەکان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێ "بەهیچ شێوەیەک سندووقەکان و ناوەندی دەنگدان چۆڵ نەکەن تا ژماردن و جیاکردنەوەی دوایین دەنگ، ئێمە لێرەین".
ئەم گوتانەی کڵچدارئۆغڵو لەکاتێکدایە دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامی بەرایی فەرمیی 91.93%ـی دەنگەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو ئەنجامانەش هیچکام لە ئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار بەدەستبهێنن.
ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، رێژەی دەنگە جیاکراوەکان ناوخۆ و دەرەوە 91.93%ـە، بەشێوەیەک رێژەی دەنگە جیاکراوەکانی نێوخۆ 94.68% و دەرەوەش 36.85%ـە.
بەپێی ئەو داتایانەی سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا خستوونەتیەڕوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.49%ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.79%ی دەنگەکان، سینان ئۆغان 5.29%ی دەنگەکان و موحەڕەم ئینجەش کە لە بەربژێربوون کشابووەوە 0.43%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.