سەرۆکی پارتی زافەر: بەهۆی ئۆجەلانەوە بە بارمتە گیراوم

15-04-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەری تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات، بەهۆی ئۆجەلانەوە بە "بارمتە" گیراوە.
 
سەرۆکی پارتی زافەر، کە نزیکەی سێ مانگە لە زیندانە، رۆژی 11ی حوزەیرانی 2025 دادگایی دەکرێت. ئۆزداغ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی دادگاییکردنی نووسیویەتی، "من ئومیت ئۆزداغ، بۆ ئۆجەلان بە بارمتە دەگیرێم."
 
ئۆزداغ کە بە تۆمەتی "بێڕێزی" بە سەرۆککۆماری تورکیا و "هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە و دووژمنایەتی" ماوەی 78 رۆژە لە زیندانی سیلیڤری لە ئیستەنبووڵ بەند کراوە، داوای 7 ساڵ و 10 مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردنی دەکرێت.
 
ئۆزداغ دەڵێت، "دەستبەسەرکردنەکەم بۆ ماوەی دوو مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت. هێشتنەوەم بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە لە ژووری تاکەکەسی بە تۆمەتێکی بەتاڵ، دادپەروەرانە نییە. ئێمە جارێکی دیکە ئەمەمان بینی. من ئومیت ئۆزداغ، بۆ ئۆجەلان بە بارمتە دەگیرێم. میلـلەتی تورکی گەورە، ئومیت ئۆزداغ رۆڵەی تۆیە و تەنیا ئەمانەتی خودا و تۆیە."
 
رۆژی سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025، دوای ئەوەی لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی تیرۆر لە ئیستەنبووڵ گوتەی لێوەرگیرا، ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر رەوانەی دادگەی سزای پارێزگاکە کرا.
 
دواتر ئۆزداغ لەلایەن دادگاوە بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
 
پارتی زافەر، پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکیایە و رۆژی 26ی ئابی 2021 بە سەرۆکایەتیی ئومیت ئۆزداغ دامەزرا، بارەگای سەرەکیی لە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتەیە و هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە