رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی تورکیا بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە چوار پەرلەمانتاری دەم پارتی، پەرلەمانتارێکی جەهەپە و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، دۆسیەی تاوانی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی تورکیا، شەش دۆسیەی تاوان لە دژی چوار پەرلەمانتاری دەم پارتی، پەرلەمانتارێکی جەهەپە و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیاوە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە. سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش دۆسیەکانی ئاراستەی لیژنەی داد و دەستوور کردووە.
دۆسییەکان لە دژی هەر یەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی و پەرلەمانتاری بازنەی ئادانا؛ سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتاری بازنەی مێردین؛ سەباهات ئەردۆغان ساریتاش، پەرلەمانتاری بازنەی سێرت و عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری بازنەی کۆجائێلی دەم پارتی؛ هەروەها جەمال ئەنگینیورت، پەرلەمانتاری بازنەی ئیستەنبووڵ-ی جەهەپە و ئومیت دیکباییر، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە بازنەی ساکاریا کراونەتەوە.
لیژنەی داد و دەستووری پەرلەمانی تورکیا، ژمارەی دۆسیەکانی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی پارێزبەندیی لە پەرلەمانتارانی 28مین خولی پەرلەمان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 775 دۆسیەی تاوان بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندیی پێشکێش کراوە، کە 541یان لە دژی پەرلەمانتارانی دەم پارتین و 105 دۆسیەیان لە دژی سالیحە ئایدەنیزن.
رۆژی 30ـی کانوونی دووەمی 2024، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە، متمانە لە جان ئاتاڵای پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاری تورکیا-تیپ سەندرایەوە، کە پێش هەڵبژاردنی زیندانیکرابوو، سوێندی یاساییشی نەخواردبوو.
بەپێی رێکارەکان، نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دۆسیەکانی تاوان ئاراستەی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان دەکات بۆ بەدواداچوون لە نەبوونی کەموکورتی لە دۆسیەکان و دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکات و دوای پەسندکردنیان، لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتییەوە دەخرێتە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجوومەنی گشتیی بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، لە خوولی پێشووی پەرلەماندا، هەزار و 418 دۆسیەی تاوان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە و وەرگرتنەوەی پارێزبەندی دژی پەرلەمانتاران پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرابوون. لەم ژمارەیەدا 1101 دۆسیە لە دژی پەرلەمانتارانی هەدەپە تۆمارکرابوون. سێ پەرلەمانتاری هەدەپەش بەناوەکانی سەمرا گوزەل، لەیلا گوڤەن و موسا فارسئۆغوڵڵاری متمانەیان لێسەندرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ