رووداو دیجیتاڵ
بەتۆمەتی گەندەڵی دارایی، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بەیکۆز لە ئیستەنبووڵ، کە ئەندامی جەهەپەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی نیسانی 2025، لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ و بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی، هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارە فیدان گوڵ، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بەیکۆزیان لە ئیستەنبووڵ، دەستگیرکرد.
ئێلاتین کۆسەلەر، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بەیکۆز، یەکێک بوو لەو 106 کەسەی رۆژی 19ـی ئاداری 2025، لەگەڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەستگیرکران.
لە هەمان شارەوانیدا 22 کەسی دیکەش دەستگیر کرابوون. فیدان گوڵ، یەکێک بوو لە دەستگیرکراوەکان بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تۆمەتبارکردن، بە مەرجی دادی ئازاد کرابوو، لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوام بوو. دوای دەرکەوتنی بەڵگەی نوێ، فیدان گوڵ دەستگیرکرایەوە.
جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 کرا، بە 45.80٪ی دەنگەکان، شارەوانیی بەیکۆزی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ