ئەردۆغان: دەمیرتاش کورد نییە و زازایە

16-04-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکیدا لە پارێزگای کۆجائەلیی تورکیا باسی سەلاحەدین دەمیرتاشی کرد و رایگەیاند، "ئەو کورد نییە، بەڵکو زازایە."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رەخنەی تووندی لە هاوپەیمانیی میللـەت گرت کە جەهەپە سەرۆکایەتیی دەکات و لە شەش پارت پێکهاتوون و هاوپەیمانیەکە بە حەوتقۆڵی ناودەبات، وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی هەدەپە لە هاوپەیمانیی میللـەت.
 
ئەمەش لە کاتێکدایە هاوپەیمانییەکە بە فەرمی لە شەش پارتی سیاسی پێکدێت، بەڵام دوای کۆبوونەوەی هەدەپە و جەهەپە، بەرپرسانی هەدەپە بڕیاریاندا بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا نەبێت و چاوەڕێ دەکرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا پشتگیری لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بکەن.
 
بەگوێرەی پلانی داهاتووی هاوپەیمانیی میللەت؛ لە ئەگەری سەرکەوتنیاندا کڵچدارئۆغڵو دەبێتە سەرۆککۆمار و سەرۆکی پێنج پارتەکەش دەبنە یاریدەدەری سەرۆککۆمار. ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی، "ئەوان لە هیچ بابەتێکدا کۆک نین، کەچی هەمیشە باس لە سازان و رێککەوتن دەکەن. سەیرکەن ئێستا پۆستی یاریدەدەری سەرۆککۆمار بەسەر هەریەک لە سەرۆک پارتەکاندا دابەش دەکەن. ئەوانە ئاگایان لەوە نییە دەوڵەت چۆن بەڕێوەدەچێت! ئینجا بێشەرمانە باسی زێدەڕۆیی دەکەن. کەچی خودی زێدەڕۆیی ئەمەیە کە ئەوان دەیکەن."
 
ئەردۆغان لەبارەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان – هەدەپە کە لە 2016وە لە زیندانە، گوتی، "ئەو پیاوەی پێی دەڵێن (سێلۆ)، ئێوە وادەزانن کوردە؟ نەخێر! ئەو زازایە و کورد نییە، کەچی شانازیی پێوە دەکات."
 
بەشێکی زۆر لە جەماوەر و لایەنگرانی هەدەپە کورتکراوەی 'سێلۆ' بۆ ناوی سەلاحەدین دەمیرتاش وەکو خۆشەویستییەک بەکاردەهێنن. تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لە گۆرانیی هەڵبژاردنی هەدەپە وشەی 'سێلۆ باشکان؛ سەرۆک سێلۆ' بەکارهێندرا. ئەگەرچی زۆربەی بۆچوونەکان لەگەڵ ئەوەدان کە زازا بەشێکە لە کورد، بەڵام چەند بۆچوونێکی جیاوازیش هەن کە زازا لە کورد جیادەکەنەوە.
 
ئەردۆغان هەروەها ئۆپۆزسیۆنی بە هاوڕێبازی پەکەکە وەسفکرد و گوتی، "ئەوانە بەڵێنیان بە منداڵکوژەکەی ئیمرالی داوە. دەڵێن، ئەویش دەرهێنین و ئەمەش دەردەهێنین. ئایا گەلی نیشتمانپەروەری من بە نوێنەرانی ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانەی نێو پەرلەمان دەڵێت بۆ پێشەوە؟ رێگەیان بۆ دەکاتەوە؟ کەواتە دەبێت کاری زۆر بکەین. ناوەستین و پەنا بە خوا 14ی ئایار ئەوانە لەنێو سندووقەکاندا دەنێژین."
 
سەرۆککۆماری تورکیا کە بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە بۆ هەمان پۆست رایگەیاند، هاوپەیمانیی میللـەت تاکە خەمێکیان ئەوەیە رێنوێنییەکانی قەندیل وەکو خۆی جێبەجێ بکەن و هەروەها دەیانەوێت لەگەڵ ئەواندا دەست لەنێو دەست رێگە ببڕن.
 
ئەردۆغان هەروەها باسی لەو پرۆژە ستراتیجییانە کرد کە لە 20 ساڵی رابردوودا دروستیانکردووە. هاوکات گوتی کە جەهەپە لە بەردەم زۆربەی پرۆژەکاندا کۆسپی دروستکردووە. جەختیشیکردەوە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانیی میللەت شکستدەهێنێت و ئەو هاوپەیمانییەش کە پێکیانهێناوە پەرش و بڵاو دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری و پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. هەروەها 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە