شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا سەردانی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە ئیستەنبووڵ کرد


رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا سەردانی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە ئیستەنبووڵ دەکات و تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان دەکەن کە رووداو بەشێوەیەکی ورد رووماڵی کرد و پیشانی جیهانی دا. 

رۆژی هەینی، 14ـی نیسانی 2023، شاندێکی پەرلەمانی بەریتانیا کە لە پێنج پەرلەمانتار پێکهاتبوو سەردانی نووسینگەی شاری ئیستەنبووڵی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، ئەوەش دوای ئەوە هات کە پەیامنێری رووداو لەگەڵ شاندەکەی پەرلەمانی بەریتانیا لە گەشتێکی چوار رۆژەدا سەردانی هەریەکە لە ئەنقەرە و پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستانی کرد. 
 
پەرلەمانتارەکان بریتی بوون لە روپا هەق، مارشا دی کۆرۆدڤا، لۆید روسێل، ستێفن مۆرگان و کەیت ئۆزبۆرن کە سەرجەمیان ئەندامی پارتی کاری بەریتانیان لەگەڵ ژمارەیەک ستافی دیکەی پەرلەمانی وڵاتەکە سەردانەکەیان کرد. 
 
لە ئیستەنبووڵ، راوین ستێرک، بەرپرسی تۆڕی میدیای رووداو یاوەریی شاندەکەی پەرلەمانی بەریتانی کرد کە لەگەڵ نوێنەری پارتە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کۆبووەوە، لەنێویدا هەدەپە، ئاکەپە، جەهەپە و بەربژێرە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکەن. 
 
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەبچێت و تۆڕی میدیایی رووداو رۆژانە رووماڵی پرسەکانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن دەکات.  
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە نووسینگەی هەیە و بە پێنج ستافەوە لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و تورکیا تاوەکو راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، رووماڵێکی چڕ دەکات. 
 
هاوکات، لە نووسینگەی سەرەکی رووداویش لە هەولێر، دێسکی باکووری کوردستان و تورکیای رووداو پێشڤەچوونەکان لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بۆ بینەر، خوێنەر و بیسەر دەخەنەڕوو. 
 
لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان، کە چەقی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات بوو، تیمی تۆڕی میدیایی رووداو یاوەریی پەرلەمانتارانی بەریتانیای کرد و لەگەڵ ئاژانسەکانی هاوکاری و ئەو خێزانانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە دەربەدەربوون، کۆبوونەوە. 
 
رۆژی 6ـی شوباتی ئەمساڵ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند؛ بوومەلەرزەکە 11 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیای گرتەوە و نزیکەی 50 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 115 هەزار کەسیش بریندار بوون. بوومەلەرزەکە کاریگەریی گەورەیشی لەسەر بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و بەو هۆیەوە نزیکەی 6 هەزار کەس لەوێ گیانیان لەدەستداوە.
 
بوومەلەرزەکە بووە یەكێک لە رووداوە هەرە کاریگەرەکانی میدیای جیهانی لە ماوەی دەیەی رابردوودا. لە سەرتاسەری جیهانیشەوە میدیاکان لە چاوی رووداوەوە دیمەنی هەڵمەتی رزگارکردنیان لە باکووری کوردستان و تورکیاوە بۆ بینەرەکانیان گواستەوە.