لە نزیک دوورگەی ئیمراڵی لە تورکیا کەشتییەک ژێرئاوکەوت

رووداو دیجیتاڵ 

لە نزیک دوورگەی ئیمراڵی سەر بە پارێزگای بورسەی تورکیا، کەشتییەکی بازرگانی ژێرئاوکەوت و شەش کارمەندی کەشتییەکە بێسەروشوێنن. 

کەشتییەکە ناوی (باتوهانا)یە، درێژییەکەی 69 مەترە و تایبەتە بە گواستنەوەی کارگۆ، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-2-2024 لە باشووری رۆژئاوای دوورگەی ئیمراڵی ژێرئاوکەوت.  
 
محەممەد دەمیرتاش، پارێزگاری بورسە رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری بۆ رزگارکردنی شەش کارمەندی کەشتییەکە چوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان کردووە. دەمیرتاش باسی لەوە کرد کە لە دوای رووداوەکە ناوەندی فریاگوزارییان دروستکردووە و لەڕێی چەند تیمێکەوە چاودێریی گەڕان و پشکنینەکە دەکەن و ستافی پێویست دەنێرن. 
 
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی کەناراو رایگەیاند، لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە گەڕان بەدوای ستافی کارمەندانی سەر کەشتییەکە کردووە. 
 
تائێستا هۆکاری ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکە نەزانراوە. تیمەکان دەڵێن کاری لەپێشینەیان هەوڵی رزگارکردنی کارمەندانی سەر کەشتییەکەیە کە دەگوترێت هاووڵاتیی تورکیان.
 
شەوی 19-11-2023 بەهۆی زریان و رەشەبا، کەشتییەکی تورکی لە شارۆچکەی ئەرەیلی سەر بە پارێزگای زۆنگوڵداکی تورکیا ژێرئاوکەوت. ئەو کەشتییە بە 12 کارمەندەوە پەیوەندیی لەگەڵ ناوەند پچڕا و بێسەروشوێن بوو. دواتر تەنیا تەرمی پێنجیان دۆزرایەوە.