ڤیدیۆ؛ هەڵمەتی رزگارکردنی سەگە ماڵییەکان لەژێر پاشماوەی بوومەلەرزە لە تورکیا

15-02-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
تیمەکان سەگێک رزگار دەکەن و ئاوی پێ دەدەن
تیمەکان سەگێک رزگار دەکەن و ئاوی پێ دەدەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرەتای ڤیدیۆکە تیمێکی فریاگوزاری دەبینن کە هەوڵدەدەن سەگێک لە نهۆمی چوارەم رزگاربکەن، سەگەکە شەش رۆژە بوو بێ خواردن و خواردنەوە بەجێمابوو و تینووی دڵۆپێک ئاو بوو. 
 
نادی نار، پزیشکی ڤێتێرنەری خۆبەخشە و لەگەڵ هاوڕێکانی لە ئەنتاکیا ئاژەڵە ماڵییەکان رزگار دەکەن، دەڵێت: "هاتینە ئێرە بۆ ئەوەی رزگاریان بکەین و سەلامەت بن. هاوکات ئاگاشمان لێیان دەبێت. ئێمە بۆ ئەم کەیسە پەیوەندیمان پێوەکرا؛ سوپاس بۆ خوا سەگەکە ئێستا زۆر دڵی خۆشە."
 
پزیشکانی ڤێتێرنەری خۆبەخش شەو و رۆژیان کردووە بە یەک بۆ رزگارکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان بە تایبەتی سەگەکان. هەر لە ڤیدیۆکەدا ساتی رزگارکردنی سەگێکی دیکە لە مەرەشی باکووری کوردستان دوای یەک هەفتە مانەوە لەژێر داروپەردوو دەبینن.
 
فیدراسیۆنی ئاژەڵپارێزی هەیتاپ لە چوار شار نەخۆشخانەی گەڕۆکیان بۆ تیمارکردنی ئاژەڵی ماڵی داناوە، بەڵام ئاژەڵانیش هاوشێوەی مرۆڤ دووچاری قەیرانی بێ خۆراکی بوونەتەوە.
 
سینای تەکینباش، نوێنەری هەیتاپ دەڵێت، "خۆراک نییە. خۆراکی باڵندە نییە، خۆراکی مریشک یاخود هیچ دووکانێکی ئاژەڵی بەردەست نییە. هەموو شوێنێک یان داخراوە یاخود رووخاوە."
 
سەگ رۆڵی کارایان هەبووە لە دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەوانەی لەژێر داروپەردوو گیریان خواردووە. یەکێک لەو سەگانە ناوی  پرۆتیۆ بوو و لەگەڵ تیمەکانی مەکسیکدا بوو، بووە قوربانیی دۆزینەوە و رزگارکردنی گیرخواردووانی بوومەلەرزەکە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە