ئەردۆغان: هیوادارم ئاگربەستی غەززە ئاشتییەکی هەمیشەیی لێبکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی بە راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەردەبڕێت و دەڵێت، تورکیا هیچ کات پشتی لە دانیشتووانی غەززە نەکرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە هەژماری فەرمیی سەرۆکایەتیی کۆماردا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمریکا بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، خۆشحاڵی خۆی بە ئەنجامی ئەرێنی دانوستاندنەکان راگەیاند و گوتی: "هیوادارم ئاگربەستەکە ببێتە مایەی خێر بۆ خوشک و برایانی فەلەستین و تەواوی گەلانی ناوچەکە. هەروەها هیوادارم ئاگربەستەکە بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی پەرەبسەنێت."
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، "تورکیا هیچ کات خوشک و برایانی فەلەستین لە خەباتی دژ بە ستەم و ستەمکاراندا بە تەنیا جێنەهێشت. پەنا بەخوا لەمەودواش لەپاڵ خوشک و برایانمان لە غەززە دەبین. هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ساڕێژکردنی برینەکانیان و لەپێناو ئەوەی بتوانن دووبارە لەسەر پێیەکانیان بوەستنەوە."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، نوسیوویەتی: "بەم بۆنەیەوە یادی سەرجەم شەهیدەکان بە رەحمەتەوە دەکەم، کە بە خوێنی پیرۆزیان خاکی غەززەیان ئاوداوە و لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە رێککەوتنی ئاگربەست ببێتە مایەی خێر بۆ هەمووان."
شەوی چوارشەممە 15-01-2025، محەممەد بن عەبدولڕەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە رێککەوتن و رۆژی یەکشەممە 19-1-،2025 ئاگربەست دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.