یاریزانێکی ئیسرائیلیی یانەی ئەنتاڵیا بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانی دوای گۆڵ دەستگیرکرا

رووداو دیجیتاڵ 

یاریزانێکی یانەی ئەنتاڵیای تورکی بە ناوی (ساگیڤ یەهزکەل) کە هاووڵاتیی ئیسرائیلە، دوای تۆمارکردنی گۆڵ لە دژی یانەی ترابزۆن ئاهەنگی گێڕا و شانازیی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کرد و بەوهۆیەوە دەستگیرکرا.
 
یاریی نێوان ئەنتاڵیا و ترابزۆن رۆژی یەکشەممە، 14-1-2024 لە چوارچێوەی خولی سوپەرلیگی تورکی بەڕێوەچوو. یانەی ئەنتاڵیاسپۆر لە خولەکی 2ـی یارییەکەدا گۆڵێکی تۆمارکرد و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتاییهات. لە خولەکی 68ـی یارییەکەدا یاریزان ساگیڤ یەهزکەل کە جووە و هاووڵاتیی ئیسرائیلە، گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئەنتاڵیاسپۆر تۆمارکرد و ئاهەنگی گێڕا.
 
ئاهەنگگێڕانەکەی ساگیڤ یەهزکەل پێشاندانی مەچەکی چەپی بوو کە لەسەری نووسرابوو "100 رۆژ 07.10" ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە 07-10-2023 کە نزیکەی 100 رۆژە. دوای ئەوەی یانەکەی سزای دا و لە پێکهاتەی سەرەکی دووری خستنەوە، دەستگیریش کرا. درەنگی شەوی رابردوو 14-1-2024 یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند " ئەو یاریزانە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە لە دادگە، دەستیپێکردووە."
 
دوای ئەو هەڵسوکەوتەی، کارگێڕیی یانەی ئەنتاڵیا بڕیاریدا یاریزانە جووەکە لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەیدا بسڕێتەوە. یانەی ئەنتاڵیا ئێوارەی یەکشەممە، 14-1-2024 راگەیێندراوێکی سینان بۆزتەپە، سەرۆکی یانەکەی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد "نیگەرانن بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتەی یاریزان ساگیڤ یەهزکەل کە پێشێلی هەستیارییەکانی یانەی ئەنتاڵیا و تورکیاشی کردووە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە سەرۆکی یانەی ئەنتاڵیاسپۆر باس لەوە دەکات کە یانەکەیان درەنگ هەستیان بەو هەڵسوکەوتە کردووە و هەر کە پێیانزانیوە راستەوخۆ گۆڵەکەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یانەکەیان سڕیوەتەوە، سینان بۆزتەپە دەشڵێت، "ئێمە کە دەمانەوێت یاریزانانمان تەنیا وەکو یاریزان ببینرێن و هیچ جیاکاریی ئایین، زمان و نەژاد نەکەن، چاوپۆشی لە هەڵسوکەوتێکی لەوجۆرە ناکەین."
 
کارگێڕیی یانەی ئەنتاڵیاسپۆر بڕیاری دوورخستنەوەی یاریزان ساگیڤ یەهزکەل لە پێکهاتەی سەرەکیی یانەکەی دا، بەڵام گوشارەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تاوەکو دێت زیاتر دەبن و داوا دەکرێت ئەو یاریزانە لە یانەکە دەربکرێت و دیپۆرت بکرێتەوە.