دەوڵەت باخچەلی: بەهار وەرزی هەڵبژاردنە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە بەهاری ئەمساڵدا دەکرێت.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2023 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شارۆچکەی کزڵجاهامام لە ئەنقەرە ئاماژەی بەوەدا، وەرزی بەهار لە هەمانکاتدا وەرزی سندووق و هەڵبژاردنە. 
 
دەوڵەت باخچەلی گوتی، هەڵبژاردنەکان کەی بکرێن با بکرێن، وەک مەهەپە لە ئەمڕۆوە دەست بە هەڵبژاردن دەکەین و بە جیهانی رادەگەیێنین، کە هەرچی پێویست بێت، دەکرێت. 
 
باخچەلی رەخنەی لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن بە سەرۆکایەتیی جەهەپە گرت و گوتی: "هاوپەیمانیی زیللەت بووەتە هیوای کودەتاچییەکان."  
 
سەرۆکی مەهەپە بۆ یەکەمینجار داوای لە سەرۆکی ئەو پارتانەی ئۆپۆزیسیۆن کرد کە مێزی شەش حیزبییان پێکهێناوە کە لە هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتی لە سیستمی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی بکەن و پاداشتی ئەو سەرکەوتنەش وەربگرن. 
 
بەپێی رۆژژمێری هەڵبژاردنەکانی تورکیا، دەبێت لە حوزەیرانی 2023 هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی تورکیا بکرێ، بەڵام ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان بەنیازە هەڵبژاردنەکان پێش بخات. 
 
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە و پێکەوە هاوپەیمانیی جمهووریان پێکهێناوە، هەرچەندە ئەمڕۆ رایگەیاند، هەڵبژاردن لە بەهاردا دەکرێ، بەڵام تائێستا رۆژی هەڵبژاردن بە فەرمی رانەگەیێندراوە.