دادگەی تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا دۆسیەی هاڵک بانکی تورکی هەڵدەپەسێرێت


رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە هەڵپەساردنی دۆسیەی هاڵک بانکی تورکی، تاوەکو کاتی یەکلابوونەوەی ئەو تانەیەی هاڵک بانک لەسەر دادگەی باڵای ئەمریکا تۆماریکردووە.  
 
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەم بڕیارە رۆژی شەممە 15ی کانوونی دووەمی 2022 لەلایەن دووەمین دادگەی تێهەڵچوونەوەی مانهاتن دەرکراوە، بڕیارەکە رێگە لە بەردەم هاڵک بانکدا دەکاتەوە، سەردانی دادگەی تێهەڵچوونەوە بکات. 
 
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، وەزارەتی دادی ئەمریکا دژی بڕیارەکەی دووەمین دادگەی تێهەڵچوونەوەی مانهاتن هەڵوێستی دەربڕیوە، داواکاری گشتیی مانهاتن و پارێزەرەکانی هاڵک بانک لە ئەمریکاش وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزیان لەبارەی بنەماکانی دەرکردنی ئەو بڕیارە نەداوەتەوە. 
 
وەزارەتی دادی ئەمریکا هاڵک بانک بە "فێڵکردن، شوشتنەوەی پارە و پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران" تۆمەتبار دەکات و بەو هۆیەوە داوای سزادانی ئەو بانکە دەکات و دەڵێ، لە نێوان ساڵانی 2012-2016 لە رێگەی هاڵک بانک-ـەوە  ئێران دەستی بە چەندین ملیار دۆلار گەیشتووە.
 
لە دۆسیەی هاڵک بانکدا ناوی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای توركیا هاتووە و بەوە تۆمەتباركراون كە فەرمانی راستەوخۆیان داوە بۆ ئەم بابەتە و بە كردار رەزا زەراب كە بازرگانێكی بە رەچەڵەك ئێرانی و خاوەن رەگەزنامەی توركی بە هاوكاریی محەممەد هاكان ئەتیلا جێگری یەكەمی پێشووی بەڕێوەبەری گشتیی بانكەكە راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی نەوت و گازی سرووشتیی ئێران و فرۆشتنی و كردنی بە دراو و بەكارهێنانی ناوی چەند كۆمپانیایەك و دواتر كڕینی زێر و دووبارەكردنەوەی بە نەختینە و دواجار لە رێگەی چەند هەژمارێكی كەسیی بانكییەوە نێردراوەتە ئێران.
 
هاکان ئاتیلا کە لەگەڵ رەزا سەراب لەو دۆسیەیەدا دادگایی کرا، لە 27ی ئاداری 2017 لە ئەمریکا دەستبەسەرکرا و لەو 6 تۆمەتەی درابوونە پاڵی تەنیا بە تۆمەتی پلانگێڕی بۆ سپیکردنەوەی پارە دادگایی کرا و لە 16ی ئایاری 2018 سزای 32 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا. 
 
هاکان ئاتیلا دوای 32 مانگ مانەوەی لە زیندان لە 19ی تەممووزی 2019 ئازاد کرا و دواتر رەوانەی تورکیا کرایەوە. 
 
هاڵک بانک، گەورەترین بانکە لە تورکیا کە حکومەتی ئەو وڵاتە خاوەنی زۆرینەی پشکەکانی بێت. لە ساڵی 1938 دامەزراوە. لە مێژووی خۆیدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئابووریی تورکیا.
 
ئۆفیسی سەرەکیی ئەم بانکە لە ئیستەنبووڵە، زیاتر لە 18 هەزار و 967 کارمەندی هەیە و 1006 لقیشی هەیە. 
 
سەرمایەی بانکەکە لە ساڵی 2019 نزیکەی 13.4 ترلیۆن لیرەی تورکی بووە و داهاتەکەشی گەیشتووەتە 1.7 ترلیۆن لیرە.
 
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دوای دەستلەکارکێشانەوەی و چوونە دەرەوەی لە کۆشکی سپی، لەو پەرتووکەدا کە بەناوی (The Room Where It Happened: A White House Memoir) واتە "بیرەوەریی کۆشکی سپی.. ئەو ژوورەی شتەکانی تێدا روویدا" بڵاویکردەوە، باسی کێشەی هاڵک بانکی کردووە و ئاماژەی بەوەداوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی بە سەرۆکی تورکیا داوە کێشەی جێگری سەرۆکی هاڵک بانکی بۆ چارەسەر بکات.