وەزیری دەرەوەی تورکیا: داوامان لە ئێران و رووسیا کرد دەستوەردانی سەربازی لە سووریا نەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، لەکاتی هێرشی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی بۆ سەر حکومەتی سووریا، داوایان لە ئێران و رووسیا کردووە لە بەرژەوەندیی بەشار ئەسەد دەستوەردانی سەربازی نەکەن.
رۆژی هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی 2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی هێرشی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "گرنگترین شت ئەوە بوو کە ئێمە قسەمان لەگەڵ رووسەکان و ئێرانییەکان کرد بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی کە لەڕووی سەربازییەوە ناچنە نێو هاوکێشەکەوە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "کۆبوونەوەمان لەگەڵیان [رووسەکان و ئێرانییەکان] کرد و تێگەیشتن."
هاکان فیدان پێیوایە کە ئەگەر ئێران و رووسیاش یارمەتی ئەسەدیان بدابایە، حکومەتی سووریا هەر دەڕووخا: "ئەگەر ئەسەد پشتیوانیشی کرابا، ئۆپۆزیسیۆن هێشتا دەیتوانی بە ئیرادەی خۆی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەڵام کاتێکی زیاتری دەویست و خوێناویتر دەبوو."
کاتێک لە 27ـی مانگی رابردوو، دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانی هێرشییان بۆ سەر حکومەتی سووریا دەستپێکرد، تاران و مۆسکۆ بە فڕۆکە هەوڵی وەستانی هێرشەکەیان دا، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکان نەبوو.
پاڵپشتییەکانی رووسیا و ئێران بۆ ئەسەد لەکاتێکدابوو، رووسیا نزیکەی سێ ساڵە لەگەڵ ئۆکراینا لە جەنگدایە و هێزە بەوەکالەتەکانی ئێرانیش لە ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیانێکی زۆریان پێگەیێندراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ئێرانییەکان و رووسەکان تێگەیشتن لەوەی کە یارییەکە کۆتایی هاتووە، ئەسەد "چیدیکە ئەو کەسە نییە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت".
دەستەی تەحریری شام بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە و رۆڵی لە "بڵاوکردنەوەی تووندڕۆیی و تیرۆر" لەلایەن هەریەکە لە ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و رووسیاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە.
هاکان فیدان لەبارەی نیگەرانیی وڵاتان لەسەر دەستەی تەحریری شام گوتی، هەبوونی ئەو نیگەرانییانە "زۆر ئاساییە" و "دەبێت چارەسەر بکرێن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا زیاتر لەبارەی تەحریری شام گوتی، "هیچ کەسێک هێندەی ئێمە نایانناسێت، ئێمە دەمانەوێت سووریایەکی بەبێ تیرۆر هەبێت و هەڕەشە لەسەر هیچ وڵاتێکی ناوچەکە دروست نەکات."