ڤیدیۆ: پەرلەمانتارێکی تورکیا لە پەرلەمان کەوت و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا

14-12-2023
هێمن عەساف
حەسەن بیتمەز، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی سەعادەت بەر لەوەی بکەوێت، پۆستەرێکی بەدەستەوەیە و رەخنە لە سیاسەستی حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت و ئیسرائیل بە "بکوژ" ناو دەبات. وینە: Reuters
حەسەن بیتمەز، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی سەعادەت بەر لەوەی بکەوێت، پۆستەرێکی بەدەستەوەیە و رەخنە لە سیاسەستی حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت و ئیسرائیل بە "بکوژ" ناو دەبات. وینە: Reuters
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانتارێکی تورکیا لە کاتی پێشکێشکردنی گوتاردا کەوت و دوای دوو رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمی 2023، حەسەن بیتمەز، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی سەعادەت لە بازنەی کۆجائێلی، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا لە کاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتارێکی پێشکێشکرد و لەو کاتەدا لە شوێن خۆی کەوت.
 
هەر لەوێ دکتۆر تورهان چۆمەز، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی و پزیشکی تایبەتی پێشووی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چارەسەری سەرەتایی بۆ حەسەن بیتمەز کرد و دواتر دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ئەو پەرلەمانتارە دوای دوو رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ پێنجشەممە گیانی لەدەستدا.
 
بەهۆی گیانلەدەستدانی ئەو پەرلەمانتارەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا دوو رۆژ کارەکانی تایبەت بە پەسندکردنی بودجە رابگیرێت.
 
حەسەن بیتمەز ساڵی 1969 لە گیرەسوون لەدایکبووە، دەرچووی بەشی بنەماکانی ئایینە لە زانکۆی ئەزهەر لە میسر.
 
ئەو ساڵی 2004 سەرۆکی کاروباری ئایینی تورکیا بوو، 2008 سەرۆکی یەکێتی لاوانی تورکیا بوو، 2010 جێگری سەرۆکی یەکێتیی قوتابیانی ئیسلامیی نێودەوڵەتی بوو، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی فەزیلەت و سەعادەت بوو، جێگری سەرۆکی پارتی سەعادەت بوو.
 
حەسەن بیتمەز خێزاندار و باوکی کچێک بوو، زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی دەزانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە