دامەزرێنەرێکی ئاکپارتی: دانانی قەییوم بە راست نابینم

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حوسێن چەلیک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتی و وەزیری پێشووتری تورکیا، دانانی قەییوم لەسەر گەورەشارەوانیی مێردین بە کارێکی "نادروست" دەزانێت.
 
لەوەتەی قەییوم لەسەر سێ شارەوانیی دەم پارتی لە باکووری کوردستان دانراوە، کاردانەوەکان بەردەوامن. 
 
یەکێک لەوانەی ناڕەزایی نیشاندا بەرامبەر دانانی قەییوم، بەتایبەتی لەسەر گەورەشارەوانیی مێردین، لە دامەزرێنەرانی ئاکپارتییە.
 
حوسێن چەلیک رۆژی سێشەممە 13-11-2024 لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ناڕەزایی بەرامبەر هاوپەیمانیی نێوان ئاکپارتی و مەهەپە نیشاندا.
 
هەروەها سەبارەت بە قەییومکردنی ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین گوتی: "من دانانی قەییوم لەسەر گەورەشارەوانیی مێردین و ئەسەنیورت بە راست نازانم. ئەمە سوودی بۆ ئاکپارتی نابێت. ئەگەر ئێوە لە مێردین لەبری ئەحمەد تورک کەسێکی دیکە بەناوی محەممەد تورکیش بەربژێر بکەن هەر دەم پارتی دەیباتەوە. ئەوکات ئەو هەڵوێستە پێچەوانە دەبێتەوە".
 
حوسێن چەلیک هەروەها گوتی: "سەیری قۆناخەکانی کودەتا سەربازییەکان بکەن. هاووڵاتیان هەمیشە دەنگیان بە دژی ئەو کەسانە داوە کە لە دەسەڵاتدان. ئەگەر مافی دەنگدانیان نییە، بۆچی رێگەی پێدەدەیت؟ بەڵام کاتێک کەسانێک کە تۆ ناتەوێت و ئەو لایەنەی تۆ قبووڵی ناکەیت سەردەکەوێت، لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و کەسانی دیکە لە شوێنیان دادەمەزرێنرێن، ئەمە پێشێلکردنی ویستی دەنگدەرانە".
 
چەلیک هەروەها سەبارەت بە سیستمی حکومەتی سەرۆکایەتی دەڵێت، ئەم سیستمە 50%+1 زۆر هەڵەیە و ئاکپارتیی ناچار بە مەهەپە کردووە. ئەم سیستمە لە لایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پێشنیازکراوە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان.
 
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2024، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم بۆ شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیهـ و خەلفەتی دانران. لەو رۆژەوە ناڕەزایەتی خەڵک و دەم پارتی دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە