نەپەگە: هیچ پەیوەندییەکمان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبووڵەوە نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) لەسەر تەقینەوەكەی ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت: هیچ پەیوەندییەكیان بە تەقینەوەكەی ئیستەنبووڵەوە نییە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەن و داوای سەلامەتی بۆ بریندارەكان دەکەن.
 
فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە ئەمڕۆ دووشەممە 14-11-2022 راگەیێندراوێکی لەبارەی تەقینەوەكەی دوێنێ یەکشەممەی شەقامی ئیستقلالی ئیستەنبووڵ بڵاوكردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە: "گەلی ئێمە و رای گشتی دەزانن كە هیچ پەیوەندییەكمان بەو رووداوەوە نییە. سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانییان دەكەین و داوای سەلامەتی بۆ بریندارەكان دەکەین. ئێمە راستەوخۆ هاووڵاتیی مەدەنی ناکەینە ئامانج و هەر چالاكییەك هاووڵاتیی مەدەنی بکاتە ئامانج، قبووڵی ناكەین".
 
نەپەگە هەروەها جەختی کردووەتەوە کارێکی لەم جۆرە دژی خەڵکی سڤیل لەگەڵ تێکۆشانی ئەواندا ناگونجێت. هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "رژێمی ئاكەپە و مەهەپە تەنگەتاو بووە، بەتایبەتی لەدوای ئاشكرابوونی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی و سووتاندنی سەربازانی خۆیان".
 
ناوەندی پاراستنی گەل هەروەها ئەمە بە هەنگاوێکی "پیلانگێڕانە" دەزانێت و دەستگیرکردنی کەسێک، کە کوردە یان سووری بە بەشێک لەو پیلانە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکان ناودەبات و دەڵێ:"ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە ئاماژە بە دەستپێكی پیلانێكی مەترسیدار دەكرێت و گرنكە هێزی دیموكراتی توركیا و رای گشتی لە بەرامبەر ئەو پیلانە مەترسیدارە و بۆ ئاشكراكردنی ئەو سیناریۆیە تێبكۆشن".
 
کاژێر 16:20 خولەکی ئێوارەی رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2022، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی بەیئۆغڵو لە ئیستەنبووڵ روویدا و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژران و 81 کەسی دیکە برینداربوون. پێنج لە بریندارەکان لە چاودێریی چڕدان و دۆخی تەندروستیی دوو کەس ناجێگیرە. 
 
سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە 14-11-2022 رایگەیاند، ئەو کەسەی بۆمبەکەی جێهێشتبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و دەشڵێت، فەرمانی ئەنجامدانی کردەوەکە لە کۆبانێوە کراوە. ئاماژەی بە دەستگیرکردنی 21 گومانلێکراویش دا. 
 
سۆیڵو راشیگەیاند: "هەڵسەنگاندنی سەرەتاییمان ئەوەیە کە رێنمایی و فەرمانی ئەنجامدانی کردەوەکە لە کۆبانێوە هاتووە؛ ئەنجامدەرەکەشی لە عەفرین بووە. هەر بەپێی زانیارییەکانمان، ئەم کارە لە چوارچێوەی کردەوەکانی پەکەکە/پەیەدەیەدایە". 
 
ئیستیقلال یەکێکە لە بەناوبانگترین شەقامەکانی ئیستەنبووڵ لە تورکیا کە دەکەوێتە ناوچەی بییئۆغڵۆ. لە وەرزی گەشتیاریدا ئەو شەقامە رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن گەشتیاریدا پێیدا تێدەپەڕێت. درێژیی شەقامەکە 1.4 کیلۆمەترە و تێیدا کتێبفرۆش، گەلەریی ھونەری، سینەما، شانۆ، کتێبخانە، کافتریا، یانەی شەوانە، خواردنگە، شیرینی فرۆش و میوزیکی راستەوخۆ ھەیە.