ئەردۆغان: کێشەمان لەگەڵ چوار مادەکەی دەستوور نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرانی وڵاتەکەیدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 14-10-2024 گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا باسی لە هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کرد و رایگەیاند، کێشەیان لەگەڵ چوار مادەکەی دەستوور نییە."
 
سەبارەت بە پێویستیی تورکیا بۆ دەستوورێکی نوێ، ئەردۆغان گوتی: "رۆژی 1ی تشرینی یەکەم لە کاتی دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پەرلەمان. لە گوتارەکەماندا ویستی رزگارکردنی تورکیا لە شەرمەزاریی دەستووری کودەتا و نووسینەوەی دەستوورێکی نوێی سڤیلمان خستەڕوو. ئەم دەستوورەمان کە رژێمەکەی 12ی ئەیلوول، بە زەبری چەک بەسەر گەلەکەماندا سەپێندراوە، سەرەڕای ئەو هەموو هەموارەی کراوە، رۆژ لەدوای رۆژ روونتر دەبینین کە بۆ تورکیا و دیموکراسییەکەی تەنگە و دوورە لەوەی پێویستییەکانی تورکیا دابین بکات".
 
ئەردۆغان هەروەها داوای لە پارتە سیاسییەکانی وڵاتەکەی کرد وەڵامی ئەرێنییان بۆ داواکاری و دەستپێشخەرییەکانی دەستووری نوێ هەبێت و گوتی: "لەبارەی یەکەمین چوار مادەی دەستوور، هەر وەک پێشتریش چەندین جار بە رای گشتیمان راگەیاندووە، دەمەوێت دووبارە بڵێم، پارتەکەمان و هاوپەیمانیی جمهوور هیچ کێشەیەکیان لەگەڵیدا نییە. دووبارە دەمەوێت بڵێم کە مشتومڕ لەبارەی ئەو چوار مادەیە هیچ سوودێک بە پرۆسەکە ناگەیەنێت". 
 
دوای ئەوەی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی سێیەم مادەی دەستووری وڵاتەکەی گوتی: "دەوڵەت، وڵاتی نابێت. دەوڵەت، میللەتی نابێت. پێویستە ئەم دەقە بەم شێوەیە دەرببڕدرێت میللەت، بە دەوڵەت و وڵاتییەوە یەکپارچەی دانەبڕاوە"، هەریەک لە پارتی گەلی کۆماری کۆماری (جەهەپە) و ئیی پارتی بە تووندی بەرپەرچیان دایەوە.
 
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە لەبارەی ئەگەری گۆڕینی چوار مادەی سەرەتای دەستوور گوتی: "پێویست بە یاریکردن ناکات. ئەوەی دەستی بۆ ببات، دەستی بشکێت. کاتێک چوار مادەکەی دەستوور دەخوێنیتەوە تێدەگەیت کە؛ کۆماری تورکیا بە دەوڵەت، میللەت و وڵاتەکەیەوە یەکپارچەی لێکدانەبڕاوە. نوقتە سەری دێڕ!"
 
هەروەها موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی بە هەمان شێوە وەڵامی سەرۆکی پەرلەمانی دایەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەوانە دوژمنی هەموو بەها و دامودەزگاکانی دەوڵەتی کۆماری تورکیان. بەو گفتوگۆیانەی دەیانەوێت لەبارەی دەستوور دەستپێشخەری بکەن، قەیران بۆ خۆیان دروست دەکەن و ورە و ئازایەتی بە دوژمنانی دەوڵەت و میللەت دەبەخشن و لە رووی سیاسییەوە خۆراک وەردەگرن. ئێمە ناکەوینە نێو ئەم یارییە! دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللەتیەوە یەکپارچەی نەبڕاوە . نوقتە!"
 
لە ماوەی رابردوودا زەکەریا یاپیجیئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار داوای گۆرینی مادەی 4ی دەستووری کرد. چوارەمین مادەی دەستووری تورکیا تایبەتە بە مادەکانی 1،2 و 3 و جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت ئەو سێ مادەیە بگۆڕدرێن.