حکومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە و کوشتنی ژنان مژارێکی سەرەکی دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. کوشتنی ژنان لەو بابەتانە دەبێت تاوتوێ دەکرێت.
 
بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024 حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمار و ئامادەبوونی تەواوی وەزیرەکان کۆبوونەوەی مانگانە لە ئەنقەرە بکات.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، کوشتنی ژنان لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت، ئەوەش بە هۆی رووداوەکەی هەفتەی رابردوو کە تێیدا گەنجێک لە ئیستەنبووڵ دوو ژنی بە چەقۆ کوشت.
 
بڕیارە ماهینور ئۆزدەمیر، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا راپۆرتێکی تێروتەسەل لەبارەی تووندوتیژییەکان لە وڵاتەکەی پێشکێش بکات.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی نۆیەمین پاکێجی دادوەری دەکرێت کە وەزارەتی داد ئامادەی دەکات بۆ هەموارکردنەوەی بەشێک لە یاسا پەیوەندیدارەکان بە یاسای سزاکانی تورکیا و خستنەڕووی بڕگەی سزای تایبەت بۆ ئەو کۆمپانیا و کارگانەی خۆیان لە باج دەدزنەوە یان فێڵ دەکەن.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سیاسەتی ئابووری، وەبەرهێنان، هەڵاوسان، گرانی و هەلی کار گفتوگۆی تێروتەسەلیان لەبارەوە دەکرێت.
 
پرسێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بەدوایین پێشهاتەکانی جەنگی غەززە و لوبنان.