دادگەی ئەنقەرە داوای 15 ساڵ زیندانی بۆ سەمرا گوزەل پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، داوای سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی کۆماری بۆ 15 ساڵ زیندانیکردنی سەمرا گوزەل، پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکەی هەدەپە پەسندکرد.
رۆژی 29ی ئەیلوولی 2022، نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی پەرلەمانتاران سەر بە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، تۆمەتنامەی تایبەتی سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپەی رادەستی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە کرد. رۆژی هەینی 14ی تشرینی یەکەمی 2022، دادگەکە داواکارییەکەی پەسندکرد و چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا رۆژێک بۆ دادگاییکردنی دەستنیشان بکات.
رۆژی 2ی ئەیلوولی 2022، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی سەمرا گوزەلی لە هەژماری تویتەری خۆی رایگەیاند و گوتی: گوزەل "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ و دەزگای هەواڵگریی میتدا دەستگیرکرا."
رۆژی 16ی کانوونی یەکەمی 2021، چەندین وێنەی سەمرا گوزەل لەگەڵ گەریلایەکی پەکەکە بەناوی ڤۆڵکان بۆرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە؛ هەربۆیە رۆژی 11ی کانوونی دووەمی 2022 و لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری لە ئەنقەرە، دۆسیەیەک دژی سەمرا گوزەل لە رێگەی وەزارەتی دادەوە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا و داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لێکرا. پەرلەمانی تورکیاش رۆژی 1ی شوباتی 2022 لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.
ڤۆلکان بۆرا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر گەریلاکانی پەکەکە لە ساڵی 2017 گیانی لەدەستدابوو و تەرمەکەی کەوتبووە دەست هێزەکانی تورکیا. له ئهنجامی پشكنینی مۆبایلەکەیدا ئەو وێنانە دۆزرابوونەوە و دواتر لە کانوونی یەکەمی 2021 تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیانی لە تورکیا و باکووری کوردستان تەنی.
رۆژی 1ی ئاداری 2022، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیادا بە 313 دەنگی "بەڵێ" بەرامبەر 52 دەنگی "نەخێر" و بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، پارێزبەندی لەسەر سەمرا گوزەل هەڵگیرا، بەڵام ناوبراو لە رۆژی 28ی شوباتی 2022 واتە رۆژێک بەر لە لێسەندنەوەی پارێزبەندییەکەی دیار نەمابوو.
رۆژی 4ی نیسانی 2022 ئیسماعیل چاتاکڵی، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ و گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: سەمرا گوزەل "هەڵاتووە و بەدوایدا دەگەڕێین."