پەرلەمانی تورکیا یاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" پەسند دەکات


رووداو دیجیتاڵ

شەوی پێنجشەممە پەرلەمانی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی مشتومڕهێنی پەسند کرد، کە تایبەتە بە چاپەمەنی و سۆشیاڵ میدیا. دەسەڵات بە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی زانیاریی نادروست" و ئۆپۆزیسیۆنیش بە یاسای "سانسۆر" ناوی دەبات.
 
ساروهان ئۆڵوچ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە دەڵێت، "ئێوە یاسای سانسۆر بەر لە هەڵبژاردنەکانی 2023 دەهێنن، بۆ ئەوەی بتوانن دەنگی ئۆپۆزیسیۆنی كۆمەڵایەتی و سیاسی بێدەنگ بكەن. مەبەستی سەرەکیتان ئەوەیە. تەنیا ئێمە نین كە ئەوە دەڵێین. كۆمیسیۆنی ڤەنەدیک کە بەشێكە لە کۆنسەی ئەوروپا و تورکیاش تێیدا ئەندامە لە راپۆرتەکەیدا بە ئاشکرا ئەمەی گوتووە، واتا هەموو جیهان چاودێریی ئەو کارە دەکات کە ئێوە دەیکەن، نەک تەنیا ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئێوە ناتانەوێت بیبیستن".
 
لە پەرلەمان زۆرترین گفتوگۆ لەسەر مادی 29ی یاساکە کرا، کە بەپێی نێوەڕۆکەکەی هەرکەسێک زانیاریی نادروست لەبارەی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەکی و ئاسایشی گشتی و تەندروستیی گشتیی وڵات بڵاوبکاتەوە و ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ. ئەو کەسە تاوەکو سێ ساڵ بەندکردن سزا دەدرێت.
 
بەگوێرەی ئەو ماددەیە بێت بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا دەتوانن زیندانی بکرێن بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە حکومەت بە "هەواڵی ساختە"ی دەزانێت.
 
ئەرهان ئوستا، یاریدەدەری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی دەڵێت، "کاتێک دەڵێن لە تورکیا هەژاری هەیە، گەندەڵی هەیە، پشکی هەتیو دەدزرێت، ئەگەر بەڵگەش بخرێتەڕوو، کەسەکان دادگایی دەکرێن و تا سێ ساڵ زیندانی دەکرێن. ئەمە شتێکی راست نییە. بۆیە پێویست ناکات لەوە زیاتر پاڵ بە تورکیاوە بنێین بۆ خوارووی ئاستی ئەو دیموکراسییەی ئێستا لێی وەستاوە، ئەمە یاسای زوڵمە، ئەم یاسای سانسۆرە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەین."
 
نیگەرانی لەوە هەیە کە یاساکە لەلایەن حکومەتەوە خراپ بەکاربهێنرێت و ببێتە هۆی خۆسانسۆرکردن لە ژوورەکانی هەواڵدا، بەڵام ئاکپارتی بانگەشەکانی ئۆپۆزیسیۆن رەتدەکاتەوە. 
 
ماهیر ئوناڵ، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی دەڵێت، "لە كاتێكدا بەڕوونی باس لەوە کراوە دەربڕینی بۆچوونەكان كە ئامانجیان رەخنەیە و سنوورەكانی گەیاندنی هەواڵ تێناپەڕێنێت، بە تاوان هەژمار ناکرێن، هەروەها دەسەڵاتی بڕیاردان لەبارەی بڵاوکردنەوەی درۆ و هەواڵی نادروست دراوەتە دادوەران، داهێنانی ئەوەندە ئارگیومێنتی سیاسی لەسەر ئەو بابەتە وەک سەرکەوتن دەبینم. ئەو ماددە یاساییەی ئامادەمان کردووە هیچ پەیوەندییەکی بەو بانگەشانە نییە کە لێرەدا دەکرێن". 
 
یاساکە لە 40 ماددە پێکهاتووە، شەوی رابردوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و هاوپەیمانەکەی، مەهەپە، پەسند کرا.
 
جەهەپە رایگەیاندووە، ئەگەر سەرۆککۆمار یاساکە واژۆ بکات، لە دادگەی دەستوور داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساكە دەكەن.