ئەندامانی رێکخستنەکانی ئیی پارتی لە شرنەخ بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە

14-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی رێکخستنەکانی شرنەخ-ی ئیی پارتی، بە کۆمەڵ دەستیان لەکارکێشایەوە. هەرچەندە هۆکارەکەیان رانەگەیاندووە، بەڵام دوای کۆنگرەی پارتەکە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئەو پارتە بەردەوامە.
 
ئەمڕۆ شەممە 14ی ئەیلوولی 2024 محەممەد یڵماز ئیلچی، سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی شرنەخ-ی ئیی پارتی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و 41 ئەندامی دیکەی پارتەکەی راگەیاند؛ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە بکات.
 
کێشە نێوخۆییەکانی ئیی پارتی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و کۆنگرەی نائاسایی پارتەکە بەردەوامە. لەم نێوەندەدا 16 ئەندامی سەرکردایەتیی و 13 پەرلەمانتار و زیاتر لە 49 هەزار ئەندامیان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. زۆربەی ئەندام و پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان چوونەتە ریزەکانی جەهەپە و بەشێکی کەمیان پەیوەندییان بە ئاکپارتی و مەهەپەوە کردووە.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستاندا کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوەی لە هاوپەیمانی میللـەت لەگەڵ جەهەپە کاری نەکرد، ئیی پارتی رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە. ئەوەش بووە هۆی تووڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەرال ئاکشەنەر کرد، دەست لەکاربکێشێتەوە.
 
رۆژی 27ی نیسانی 2024، ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی کرد و لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکە، موساوات دەرویشئۆغڵو، بە سەرۆکی نوێی ئیی پارتی هەڵبژێردرا.
 
سەرباری بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی ئەم حیزبە نەتەوەپەرستە بەردەوامن. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، ئیی پارتی تەنیا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77% بوو.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگی بەدەستهێنا. بە رێژەی 9.68%ی دەنگەکان، خاوەن 44 کورسی پەرلەمان بوو. ئێستا خاوەنی 31 کورسی پەرلەمانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە