کەشناسیی تورکیا: لە ئیستەنبووڵ باران دەبارێت و پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت

14-09-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێشبینی دەکرێت بەیانیی رۆژی یەکشەممە 15ـی ئەیلوولی 2024، شەپۆلێکی بارانبارین هەردوو دیوی ئاسیا و ئەورووپای ئیستەنبووڵ لە تورکیا بگرێتەوە، فەرمانگەی ئافاد هۆشداریی دروستبوونی لافاو دەدات. 

پلەی گەرما لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا لە پارێزگای ئیستەنبووڵ، لە نێوان 22-27 پلەی سەدی بووە، بەڵام دوو رۆژە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی بارانبارین دەکات و لە رێگەی فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخی لەناکاو (ئافاد)یشەوە هۆشداری بە دانیشتووانی شارەکە دەدات ئاگاداری خۆیان بن بەهۆی ئەوەی بارانێکی زۆر دەبارێت و رەنگە چەندین شوێن ژێرئاو بکەون. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە رۆژی 15ـی مانگەوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ باران لە ئیستەنبووڵ ببارێت. ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی رووداوە سروشتییەکانی ئیستەنبووڵ AKOM، هۆشداری  دروستوونی لافاوی داوە. لەو پێنج رۆژەدا پلەی لانیکەم دوو پلە دادەبەزێت. لە رۆژی پێنجەمدا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. 
 
فەرمانگەی کارەساتە سرووشتییەکان و دۆخی لەناکاو (ئافاد) داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ ئەگەری روودانی لافاو ئاگادار بن. 
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، سبەی لە 16 پارێزگای تورکیا باران دەبارێت. لە 9 پارێزگای هەرێمی دەریای رەش لێزمەباران دەبارێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە