ئەردۆغان بۆ بەرپرسانی پارتەکەی: ئەگەر هەست بە ماندووبوون دەکەن، وازبێنن

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکدا بەبۆنەی دامەزراندنی پارتەکەی پەیامێکی ئاراستەی بەرپرسانی حیزبەکەی کرد و داوای لێکردن ئەگەر هەست بە ماندووبوون دەکەن، دەست لەکاربکێشنەوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 14-8-2024) 23 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان، تێدەپەڕێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی لە ناوەندی سەرەکیی ئاکپارتی لە ئەنقەرە بەو بۆنەیەوە گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان گوتی "ئەو سەرکەوتنانەی 23 ساڵە بۆ تورکیا بەدەستهاتوون، تەنیا بۆ من و هاوڕێیانمان ناگەڕێتەوە. بەوانەی لەم هۆڵەشن، رەنجی تەواوی ئەوانەی تێدایە کە لەژێر بنمیچی ئاکپارتی ئەرکیان پێدراوە. سوپاس بۆ خوا، بەیەکەوە کاری زۆر گەورەمان کرد. تورکیامان لە کۆت و زنجیر رزگار کرد. بەیەکەوە ستانداردی دیموکراسیمان بەرزکردەوە. بەیەکەوە وڵاتەکەمان کردە ئەستێرەی پرشنگدار." 
 
درووشمی 23ـیەمین ساڵی ئاکپارتی 'هیوا، داهاتوو و رێکار ناوەکانی ئاکپارتین'ـە. رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمبارەیەوە گوتی "ئاکپارتی 85 ملیۆن کەسی بە تەواوی رەنگەکان و جیاوازییەکانەوە لەباوەش گرتووە و هەوڵدەدات ئەم ناسنامەیەی خۆی بەهێزتر بکات. تایبەتمەندیی گرنگی ئاکپارتی ئەوەیە بە باشی خەڵک دەخوێنێتەوە؛ نوێکاری و نوێبوونەوەی هەیە و بە ئاسانی خۆی لەگەڵ دۆخی تازەدا دەگونجێنێت".
 
ئەردۆغان: لە کوێ کەموکوڕیمان هەبێت، چارەسەری دەکەین
 
ئەردۆغان لە بەشێکی گوتارەکەیدا گوتی "زۆر راشکاوانە رەخنە لە خۆمان دەگرین. لە هەر کوێیەک کەموکوڕیمان هەبێت، بە بوێرییەوە بەرەنگاری دەبینەوە و چارەسەری دەکەین."
 
باسی کۆنگرەی داهاتووی ئاکپارتیشی کرد و گوتی "ئەو کۆنگرەیەی چەند مانگی داهاتوو هەنگاوی بۆ دەنێین، تەنیا وەکو گۆڕانکارییەکی رواڵەتی نابینین، بەڵکو وەک زەمینەیەکی بەرفراوان دەیبینین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵک. لێرەدا دەبێت جەخت لەسەر دوو خاڵی گرنگ بکەمەوە. ئەگەر کەسێک هەیە هەست بە ماندوویێتی دەکات، دەمانەوێت ئەوان لابدەنە کەنار و کەمێک بحەسێنەوە. دووەمیان؛ لە هەر پۆستێکدا بێت، هیچ یەک لە هاوڕێیانمان بۆی نییە لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە و لێی پاڵداتەوە. ئەوانەی جۆش و خرۆشیان نەماوە، ناتوانن ئەمە بکەن، چونکە ئۆباڵ و لێپرسینەوەی ئەم کارە قورسە."
 
ئەردۆغان هەروەها داوای لە وەزیر، سەرۆک شارەوانی و بەرپرسانی پارتەکەی کرد، بەردەوام پرسیاری ئەوە لەخۆیان بکەن کە چۆن بە باشترین شێوە خزمەتی باشتری خەڵک دەکەن.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردن، ئەردۆغان رایگەیاند لە هەڵبژاردنی 2028 جارێکی دیکەش ئاکپارتی دەکەنەوە دەسەڵات و گوتی "ئەوانەی بە کاریگەریی کەسانێکەوە خەیاڵی وەرگرتنی دەسەڵات دادەنێن، هاوشێوەی 23 ساڵی رابردوو دیسان شکست دەهێنن و مەچەکی خۆیان دەلێسنەوە. بچووکترین گومانمان لەمە نییە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە دوای هاتنی ئاکپارتی، گۆڕانکاری و وەرچەرخانی زۆر لە تورکیا دەبینرێت و گوتی "لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، زۆر جیاوازین لە پێشوو. لە بابەتی رێزگرتن لە جیاوازییەکان و شێوازی ژیانی کەسەکان، بەراورد بەو کاتەی هاتینە سەر حوکم، بەرەوپێشچوونی زۆر گەورە هەیە."
 
ئەردۆغان رووی دەمی لە ئۆپۆزیسیۆن کرد و رایگەیاند، تەواوی پارتەکان لەنێو هەمان کەشتیدان، هەر بۆیە گەورەکردنی کونی کەشتییەکە و دروستکردنی کونی دیکە، خزمەت بە هیچ کەس و لایەنێک ناکات.
 
ئەردۆغان رایگەیاند، 'جەهەپە کە پاسەوانی قەدەخەکارییەکان' بوو ئیدی سەختە بۆی درێژە بەو نەریتەی بدات. 
 
پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 14-8-2001 لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوڕێکانییەوە دامەزرا. ئاکپارتی لەوەتەی دامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی لەدەستە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا پلەی یەکەمی پارتە سیاسییەکانی تورکیای بەدەستهێناوە. تەنیا لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەچوو، ئاکپارتی بۆ یەکەمجار دابەزی بۆ پلەی دووەم و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) شوێنەکەی گرتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە