پەرلەمانتارێکی دیکەی ئیی پارتی دەستی لەکار کێشایەوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کێشە نێوخۆییەکانی ئیی پارتی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و کۆنگرەی نائاسایی، هێشتا بەردەوامن. پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنی ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رایگەیاند. بەمەش تەنیا 32 پەرلەمانتاریان مایەوە. 
 
شەوی رابردوو 13ـی ئابی 2024، سەیتهان ئیزسیز، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئیی پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ، بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە. کایا ئاماژەی بەوە کردووە کە پەیوەندیی بە ئاکپارتییەوە دەکات. 
 
سەیتهان ئیزسیز، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: "پێشتر ئەندامێکی ئاکپارتی بووم، ئێستاش کاتی هاتووە، بگەڕێمەوە نێو ماڵی خۆم." 
 
ئەمڕۆ 14ـی ئاب، 23یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدانە (ئاکپارتی)، بڕیارە کاژێر 14:00 بەکاتی هەولێر، بەم بۆنەیەوە رێوڕەسمێک سازبکرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، مەدالیای دووبارە ئەندامبوونەوە بە سەیتهان ئیزسیز بدات. 
 
تاوەکو ئێستا 10 پەرلەمانتاری ئیی پارتی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و زۆربەیان پەیوەندییان بە جەهەپەوە کردووە. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەچوو، ئیی پارتی رووبەڕووی شکستێکی گەورە بووەوە و تەنیا شارەوانییەکی بردەوە. ئەوەش بووە هۆی توڕەبوونی ئەندام و لایەنگرانی ئەو پارتە و زۆربەیان داوایان لە مەرال ئاکشەنەر کرد، دەست لەکار بکێشێتەوە.
 
رۆژی 27ـی نیسانی 2024، ئیی پارتی پێنجەمین کۆنگرەی نائاسایی خۆی ئەنجام و لە گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پارتەکە، موساوات دەرویشئۆغڵو، بە سەرۆکی نوێی ئیی پارتی هەڵبژێردرا. 
 
سەرباری بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، بەڵام کێشە نێوخۆییەکانی ئەم حیزبە نەتەوەپەرستە بەردەوامە. 
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، ئیی پارتی تەنیا سەرۆکایەتیی شارەوانیی پارێزگای یۆزگاتی بردەوە و لە سەرانسەری تورکیادا یەک ملیۆن و 735 هەزار و 924 دەنگی بەدەستهێنا کە رێژەی دەنگەکانی 3.77٪ بوو.
 
ئەوە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا، کە لە رۆژی 14ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو، ئەو پارتە 4 ملیۆن و 803 هەزار و 774 دەنگی بەدەستهێنا. بەرێژەی 9.68٪ـی دەنگەکان، خاوەن 42 کورسی پەرلەمان بوو. ئێستا خاوەنی 32 کورسییە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە