ئاگر لە دارستانی پارێزگای ئیزمیری تورکیا کەوتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاگر لە دارستانێکی پارێزگای ئیزمیر لە تورکیا کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەیدان.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئابی 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، ئاگر لە دارستانی سنووری هەردوو شاری ئورلا و کارشی یاکا لە پارێزگای ئیزمیر لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتوەتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە له‌ هه‌وڵی کوژاندنەوەیدان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئاگرەکە بووەتە هۆی چۆڵکردنی 3 گوند و رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو شارەکەش داخراوە.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە رێگەی 11 شۆڤڵ، 6 تانکەری گەورەی ئاو، 2 هێلیکۆپتەر و 4 فڕۆکە و 145 کارمەندەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار 1022 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتنەوە و لە ئەنجامدا 6 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتا؛ 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.