مەحموود عەباس لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێک پێشکێش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین دەچێتە تورکیا و لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە؛ دواتریش لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێک پێشکێش دەکات.
 
کۆبوونەوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین کاژێر شەش و نیوی ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە دەستپێدەکات. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە شەڕی غەززە دەبێت.
 
سەردانەکەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین بۆ ئەنقەرە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆککۆماری تورکیایە. مەحموود عەباس لە سەردانەکەیدا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی تورکیا دەبێت و گوتارێکیش لە پەرلەمان پێشکێش دەکات.
 
هەرچەندە پەرلەمانی تورکیا لە پشووی فەرمیدایە، بەڵام بەهۆی سەردانەکەی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینەوە نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمانی کردووە بۆ دانیشتنێکی نائاسایی کە سبەی بەڕێوەدەچێت. سەرۆککۆماری تورکیاش ئامادەی دانیشتنە نائاساییەکە دەبێت.
 
چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی پارتەکان، باڵیۆزی وڵاتان و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکان لە تورکیا و ژمارەیەک لە رۆژنامەڤانان بانگهێشتی دانیشتنە نائاساییەکەی پەرلەمانی تورکیا بکرێن.
 
هەروەها ئەو فەلەستینیانەی کە لە شەڕی غەززەدا برینداربوون و ئێستا لە تورکیا چارەسەر وەردەگرن، بانگهێشتی دانیشتنە نائاساییەکە دەکرێن.
 
هاوکات پێشانگایەک لە پەرلەمانی تورکیا دەکرێتەوە و وێنەکانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس کە لە دوایین سەردانەکانیدا بۆ تورکیا گیراون، پیشان دەدرێن.
 
هەروەها لە پێشانگاکەدا راگەیێندراوەکانی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی پشتیوانیکردن لە دۆزی گەلی فەلەستین پیشان دەدرێن.